شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: کوردستان دڵگیر و خۆشە کوردستان بە دیمەنی ساکار و جوان سەیرانگایەکی نازدارە ئاو و هەوای سازگارە نیشتمانی نەوەی کوردە قیبلەگای درشت و وردە بە هەشتێکی ڕووی سەر ئەرزە پڕ لە کەژ و کێوی بەرزە دارستانی چڕو پڕە ئاوی خۆش و سارد و سڕە پڕ لە ڕەز و باخی جوانە کانیاوی ڕوون و ڕەوانە هەڵئەقوڵێ لە بناری شاخ ئەکشێ بۆ ناو دێبەر و باخ گوڵ و سەوزە گیا ئاو ئەدا دڵ و گیان لە زاخاو ئەدا لەبەر هاژەی چەم ڕۆژ و شەو تەبیعەت لێی حەرامە خەو هەرچی لق و پۆپ و پەلە سەرخۆشی جریوەی مەلە ورشەی گەڵای دەم شنەبا ژەنگ و ژاری دەروون ئەبا ئەم کوردستانی ئێمەیە جێگای بەزم و زەمزەمەیە لە جوانی یا شۆخ و شەنگە باخچەی سەیران و ئاهەنگە سەر تەختی ئەو شینایی یە شوێنی هەڵپەڕکێ و شایی یە بە سۆز و ئاوازی شمشاڵ ئەجۆشێ دڵی کوڕ و کاڵ ++++++++++++++++++++++