لە ڕاستی زۆر شت بۆ خۆت گێل ئەکەی
زۆر بەندی بڕوای ڕاست پێشێل ئەکەی
ڕەشی قەترانی ناو ئەنێی سپی
بۆ چەوتی چاوت خوار و خێل ئەکەی
***
ئەوەی کە بڕوات پێی بوو تا دوێنێ
نازانی ئەمڕۆ وا لە چ شوێنێ؟
لەسەر کەلاوەی ئاوات و هیوا
بەپووی وێرانە بە کوڵ ئەخوێنێ
***
تەنها بۆ بەرزی پایەت بە پەلەی
بۆیە لە وشکی خەریکی مەلەی
خنکای لە دەریای خۆپەرستییا
کەچی سەرگەرمی چەپڵە و هەلهەلەی
***
ملی ڕێگەت گرت ئێستە لە لاڕێی
جار جارەش لە خۆت ناپرسی کە کێی
وا دیارە چاوت کردەت نابینێ
بۆیە بە گڕی هەڵەت ئەسووتێی
***
خۆت بەخۆت ئەڵێی: سەر لێ شێواوم
بڕوانە دووریی ڕێگەی پێواوم
چوویتە سەر کەلێ نایەیتە خوارێ
ئەشڵێیت: وەک جاری جارانم ماوم
***
خۆت چاک ئەناسی کە چیت و چۆنی
ئەلێی: وەک یەکە، ڕێی تازە و کۆنی
هەوای خۆبینی لە کەللەی داوی
لە ڕاستی ڕاستی ڕوو گرژ و مۆنی
***
چاوبرسی و تینووی سەر لێ شێوانی
بۆ ئەو مەبەستە خەستە لێوانی
ئەتەوێ بلێن: هەر وەکوو یەکە:
دەمەو بەیان و بانگی شێوانی
***
مەستی بە بادەی عەشقی من منت
چاکەی ئەم یان ئەو بایە لە کنت
سەری خۆت خۆش بێ لە گەردەلوولا
با هەر ئۆباڵی خوێن بە گەردنت
***
خۆیشت ئەزانی تەمەنت کورتە
بەم گلاراوە، بەم جرت و فرتە
تەنها دڵسۆزی ڕاست قۆناغ ئەبڕێ
ئاوی دنگ ئەکوتێ ئەم ورتە ورتە