١
لەدەوری کۆنی ڕابردوو
هەبوو نەبوو «نەیروون»ێ بوو
«نەیروون»ی خوێنڕێژ و زۆردار
جانەوەرێ بوو شێت و هار
تەنها بەناو ئادەمزاد بوو
دڕندەیێکی بەرباد بوو
گیان و ویژدانی مرد بوو
ئەهریمەن گۆشی کردبوو
بەشەرابی خوێن مەست ئەبوو
بێ ئەو خەیاڵە پەست ئەبوو
هەر گۆشتی بەشەربوو مەزەی
هاوار و داد: ئاوازی نەی
زۆر تینوی فرمێسکی چاو بوو
قامچی سەرپەرشتی داماو بوو
٢
ڕۆژێ وای هات بە خەیاڵا
لە ناکاو خۆی کرد بە ماڵا
- بەلەعنەت بێ - وتی: دایە
کوشتنی تۆم لە دڵدایە
من پەست ئەبم بەمانی تۆ
ڕەوایە لام نەمانی تۆ
جاپێم بڵێ هەتا زووە
کام کوشتنەت ئارەزوە
بە شمشێر بەم لە گەردنت
تادەس کەیتە مل مردنت؟
یان پەتی سێدارەت ئەوێ
خەوی ئێجگاریت لێ کەوێ
دایکەش وتی: ڕۆڵەی گورگم
شمشێر بە لە پێستی ورگم
بیدە لە سک تاوانبارە
هەتا ئەیکەی پارە پارە
چونکە نۆمانگ و نۆڕۆژ سک
تۆی هەڵگرت بە پێستی تەنک
ئەم مەمکانەش بەخوێن بشۆ
چونکە شیریان داوە بەتۆ
بائەمە پاداشتی من بێ
پەندی ناو دۆست و دوژمن بێ
بەڵام سزای تۆچی ئەبێ؟ !
لەعنەتی ئەبەدی ئەبێ
من دایکم، دایک، دایک
تا شیر لە مەمکێ بێ تک، تک
تۆش «نەیروون»ی دایک کوژی
تا گیانێ لەم ئەرزە بژی
«نەیروون» هەستا بە دەستوبرد
سک و مەمکەی لەت و پەت کرد
ئەو خوێنەش نووسی لە مێژوو
لەعنەت لە «نەیروون»ی بەدخوو
لەعنەت لەتۆ ئەی جانەوەر!
لەعنەتی ئەبەدی بەشەر
٣
ئینجا «نەیروون»ی تاوانبار
هەڵسا خەیاڵی دایە شار
ووتی: «ڕۆما» ئەسووتێنم
ئارەزووم دائەمرکێنم
چەندە خۆشە مەشخەڵی وا
بۆ سکاڵا بگاتە خوا
دەستی تاوان بۆ ئێوارە
گڕی بەردایە ئەوشارە
ئاگرێکی وای نایەوە
«ڕۆما»ی پێ دامرکایەوە
ئەویش مەست بوو لەدوورەوە
بەدیار ئاگری سوورەوە
پێ و دەس: چەپڵە و هەڵپەرین بوو
مەستی قاقای پێکەنین بوو
مەشخەڵ نووسی لەڕووی مێژوو
لەعنەت لە «نەیروون»ی بەدخوو
لە «نەیروون» و لە هاوجۆری
لەجەور و ستەم و زۆری
٤
بەڵام دایک، بەڵام ڕۆما
ناویان لەدڵی مێژوو ما
بەکللەی سەر بڕبڕەی پشت
بنچینەی بەرزیان داڕشت
بە ئێسکی «نەیروون»ی خوێن ڕێژ
زامی دێرین کرا ساڕێژ
دایکێتی ما، نەمرد ڕۆما
شانازی یان بۆ مێژووما
یادی «نەیروون»یش لەوساوە
بۆ نەفرەت لێ کردن ماوە