ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
لە گیانی پاکی مەولەوی دانا
ئەوەی هەڵبەستی ناسکی دانا
مژدە بێ ئەوا دیوانی شیعری
دەرچوو، ئەگەڕێ بە ناو کوردانا
***
ئای لە ناسکی خەیاڵی جوانی
سەرچاوەی سۆزی ڕوون و ڕەوانی
لە گەرمیی هەست و ساردیی هەناسەی
بەهرە و سەلیقەی ناو شیعرەکانی
***
ئای لەبەر قووڵیی ئەندێشە و هۆشی
دەریای بێ بنی جۆش و خرۆشی
بۆ بیری ورد و تاسە و پەرۆشی
بۆ چەپکە گوڵی باخی بۆن خۆشی
***
ئای بۆ سەنعەت و بۆ وردەکاری
بۆ دەریای شیعری پڕ لە مرواری
بۆ گەنجینەکەی دوڕ و گەوهەری
جێی شانازییە بۆ کوردەواری
***
ئای لەبەر شیعری تەڕ و پاراوی
بۆن و بەرامەی وەکوو گوڵاوی
ڕوونە وەک دڵی ساف و بێ گەردی
ڕەوانە وەکوو فرمێسکی چاوی
***
ئای لە بڵێسەی خۆشەویستی ئەو
سووتانی بۆتەی هەق پەرستی ئەو
ئای لەبەر نەشئەی بادەی عەشقەکەی
ئای لە سۆزی ئەو، وای لە هەستی ئەو
***
ئای بۆ کڵۆڵی حاڵی بێ حاڵی
بۆ ڕەنگی زەرد و بۆ ناڵەناڵی
هاوار و دادی ڕۆژ و شەوانی
بۆ بەستە و دەف و بادە و شمشاڵی
***
ئای بۆ گیانەکەی پڕ لە وەفاکەی
بۆ دەروونەکەی کەیلی جەفاکەی
ئای بۆ دڵەکەی زەدەی سزاکەی
دوور لە سەیران و سەیر و سەفاکەی
***
ئای بۆ عیززەتی نەفسی بڵندی
بۆ خۆی هەژار و دڵ دەوڵەمەندی
ئای بۆ چاوتێری و برسێتی حاڵی
ڕەوشتی بەرزی یەک یەک پەسەندی
***
شیعری مەولەوی گوڵێکی وایە
ئەگەشێتەوە هەتاهەتایە
لە ناخی دڵ و دەروونی کوردا
بنجی داکوتا لە ڕیشە نایە

پەراوێز edit