شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: مەولەوی لە گیانی پاکی مەولەوی دانا ئەوەی هەڵبەستی ناسکی دانا مژدە بێ ئەوا دیوانی شیعری دەرچوو، ئەگەڕێ بە ناو کوردانا *** ئای لە ناسکی خەیاڵی جوانی سەرچاوەی سۆزی ڕوون و ڕەوانی لە گەرمیی هەست و ساردیی هەناسەی بەهرە و سەلیقەی ناو شیعرەکانی *** ئای لەبەر قووڵیی ئەندێشە و هۆشی دەریای بێ بنی جۆش و خرۆشی بۆ بیری ورد و تاسە و پەرۆشی بۆ چەپکە گوڵی باخی بۆن خۆشی *** ئای بۆ سەنعەت و بۆ وردەکاری بۆ دەریای شیعری پڕ لە مرواری بۆ گەنجینەکەی دوڕ و گەوهەری جێی شانازییە بۆ کوردەواری *** ئای لەبەر شیعری تەڕ و پاراوی بۆن و بەرامەی وەکوو گوڵاوی ڕوونە وەک دڵی ساف و بێ گەردی ڕەوانە وەکوو فرمێسکی چاوی *** ئای لە بڵێسەی خۆشەویستی ئەو سووتانی بۆتەی هەق پەرستی ئەو ئای لەبەر نەشئەی بادەی عەشقەکەی ئای لە سۆزی ئەو، وای لە هەستی ئەو *** ئای بۆ کڵۆڵی حاڵی بێ حاڵی بۆ ڕەنگی زەرد و بۆ ناڵەناڵی هاوار و دادی ڕۆژ و شەوانی بۆ بەستە و دەف و بادە و شمشاڵی *** ئای بۆ گیانەکەی پڕ لە وەفاکەی بۆ دەروونەکەی کەیلی جەفاکەی ئای بۆ دڵەکەی زەدەی سزاکەی دوور لە سەیران و سەیر و سەفاکەی *** ئای بۆ عیززەتی نەفسی بڵندی بۆ خۆی هەژار و دڵ دەوڵەمەندی ئای بۆ چاوتێری و برسێتی حاڵی ڕەوشتی بەرزی یەک یەک پەسەندی *** شیعری مەولەوی گوڵێکی وایە ئەگەشێتەوە هەتاهەتایە لە ناخی دڵ و دەروونی کوردا بنجی داکوتا لە ڕیشە نایە ++++++++++++++++++++++