شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: وشکەمەلە لە ڕاستی زۆر شت بۆ خۆت گێل ئەکەی زۆر بەندی بڕوای ڕاست پێشێل ئەکەی ڕەشی قەترانی ناو ئەنێی سپی بۆ چەوتی چاوت خوار و خێل ئەکەی *** ئەوەی کە بڕوات پێی بوو تا دوێنێ نازانی ئەمڕۆ وا لە چ شوێنێ؟ لەسەر کەلاوەی ئاوات و هیوا بەپووی وێرانە بە کوڵ ئەخوێنێ *** تەنها بۆ بەرزی پایەت بە پەلەی بۆیە لە وشکی خەریکی مەلەی خنکای لە دەریای خۆپەرستییا کەچی سەرگەرمی چەپڵە و هەلهەلەی *** ملی ڕێگەت گرت ئێستە لە لاڕێی جار جارەش لە خۆت ناپرسی کە کێی وا دیارە چاوت کردەت نابینێ بۆیە بە گڕی هەڵەت ئەسووتێی *** خۆت بەخۆت ئەڵێی: سەر لێ شێواوم بڕوانە دووریی ڕێگەی پێواوم چوویتە سەر کەلێ نایەیتە خوارێ ئەشڵێیت: وەک جاری جارانم ماوم *** خۆت چاک ئەناسی کە چیت و چۆنی ئەلێی: وەک یەکە، ڕێی تازە و کۆنی هەوای خۆبینی لە کەللەی داوی لە ڕاستی ڕاستی ڕوو گرژ و مۆنی *** چاوبرسی و تینووی سەر لێ شێوانی بۆ ئەو مەبەستە خەستە لێوانی ئەتەوێ بلێن: هەر وەکوو یەکە: دەمەو بەیان و بانگی شێوانی *** مەستی بە بادەی عەشقی من منت چاکەی ئەم یان ئەو بایە لە کنت سەری خۆت خۆش بێ لە گەردەلوولا با هەر ئۆباڵی خوێن بە گەردنت *** خۆیشت ئەزانی تەمەنت کورتە بەم گلاراوە، بەم جرت و فرتە تەنها دڵسۆزی ڕاست قۆناغ ئەبڕێ ئاوی دنگ ئەکوتێ ئەم ورتە ورتە ++++++++++++++++++++++