خۆشم ئەوێ، خۆشم ئەوێ
ئەم نیشتمانەم خۆش ئەوێ
تا لێدانی دڵ ئەسرەوێ
هیچ لە بەر چاوم ناکەوێ
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم
ئا ئەم هەوا و ئاو و گڵە
بۆ ژیانم خوێنی دڵە
دڵ کە بلبلی سەرچڵە
شەیدایە بۆ ڕوی ئەو گوڵە
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم
کوردستانە خۆشەویستم
هەتا ماوم ئەی پەرستم
هاوار ئەکا هۆش و هەستم
بە جوانی دیمەنی مەستم
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم
دڵم ئەڵێ، وەک زمانم
خۆشم ئەوێ کوردستانم
خۆشەویستی نیشتمانم
بۆتە سەر لەوحەی ئیمانم
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم
خۆشم ئەوێ، خۆشم ئەوێ
ئاواتە خوازم سەرکەوێ
ناوی لە ناوا دەرکەوێ
گەشە و ڕووناکی بەرکەوێ
خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم
کانگای هیوا و ئاواتەکەم