ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
کاکەی فەلاح دیوانی کاکەی فەلاح
٤٤. سروودی ئینتەرناسیۆناڵ
هەڵسن لە خەو، زۆر لێ کراوی ئەم جیهانە
ئەی ئەوانەی، ساڵ دوانزەی مانگ، برسیتانە
مافی ئێوە، وەکوو پشکۆی دەم بورکانە
بە هۆی هەوڵ و کۆششەوە سەر ئەکەوێ
سفرە و خوانی ڕازاو بە زۆر دەست ئەکەوێ
هەڵسن لە خەو، ئەی لەشکری بەشخوراوان
پێشێل ئەبێ شتی پووچ و بۆش و تاوان
سەر هەڵ ئەدا بە کۆمەکی گشت لایە
ئەوەی خۆزگە و خەوی خۆش و هیوایە
تۆش شا ئەی گەل! گوێ ڕاگرە بێ وچان
بۆ بانگەکەی دوا شۆڕشی میللەتان
مافی مرۆڤ، سەر ئەکەوێ، نییە هێزێ
لە ژوور سەرمان بێت و ئێمە بپارێزێ
نە قەیسەرە و نە کەس ئیتر گەورەمانە
کە ڕزگار بوون لە خوێن مژین هیوامانە
ئەرکی پیرۆز لەسەر شانی هەموومانە
ئەڵێن گوایە بۆشە مافی هەژاران
بۆشە ئەرکی گران و سەر و سامان
ناومان ئەبەن کە بێ نرخ و نۆکەرین
لەمە زیاتر سەرشۆڕی هەڵناگرین
تۆش سا ئەی گەل! گوێ ڕاگرە بێ وچان
بۆ بانگەکەی دوا شۆڕشی میللەتان
ئەی ڕەنجدەران! لە شار و دێ، لە کوێ بین
ئێمە لە گشت پارتێکی تر بەهێز ترین
با تەممەڵ و بێ کارەکان ڕا بماڵین
تا کەی بە خوێن هەر نێچیری قەل و داڵین
وەک پێویستە با هی ئێمە بێ جیهان
با خۆراکی بەردەمی ئەوان بێ گیان
تا ئەو کاتەی کە ئەیانکەین سەرنگوون
ڕۆژی ئێمە هەڵدێ بەبێ ئاوابوون
تۆش سا ئەی گەل! گوێ ڕاگرە بێ وچان
بۆ بانگەکەی دواشۆڕشی میللەتان

پەراوێز edit