ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
دیاریی تۆیە ئەی «ئاودێر»ی باخچەی هیواکەم!
زەردەخەنەی لێوی خۆزگەم، کۆرپە ساواکەم!
لۆمەم ئەکەن چۆن بوو بە تۆ شیعرم نەجۆشا،
دەریای قووڵی خۆشەویستم، ناخی نەخرۆشا؟
بۆچ فریشتەی نوستووی شیعرم بێ ڕاچەنین بوو؟
لەگەڵ یەکەم گریانی تۆ، بێ پێکەنین بوو؟
ئەزانی بۆ، بەرخۆلەکەم! خونچەم نەپشکووت
بەشنە بای فێنکی وەک شەماڵەکەی ڕووت؟ :
شیعریش وەک تۆ، مناڵێکە، زادەی هەناوە
باڵدارێکە و لە هێلانەی ژانا خوڵقاوە
گەوهەرێکە، بە ناو دەریای ئازار و دەردا
ئەبێ بچم، تێر بگەڕێم، تاکوو سەرهەڵدا
شیعریش وەک تۆ کۆرپەیەکە نازداروساوا
وەکوو پشکۆ گەش ئەنوێنێ لە تین و تاوا
شیعر لای من، بزەی لێوی قاقای زامێکە
وەکوو نیشان لەسەر سنگی ڕێ و پەیامێکە
شیعریش ئەبێ وەک تۆو ژیان تینووی تاسەبێ
بەرلە هاتن خاوەن جووڵە و بای هەناسە بێ
جاکەواتە چۆن ئەمتوانی شیعرێ داڕێژم
دامرکێنێ گڕی تینووی مەبەست و چێژم
وەک بڵێسە جۆش نەسێنێ ئاگری هەستم
گەرم نابێ بۆ پێشوازیت کۆشی هەڵبەستم
جا ئەو سۆزە و هەڵبەستی وا بۆ گلێنەی چاو
چۆن دێتە دی بەسەرپێ یی هەروا لە ناکاو
خۆت ئەو شیعرەی لە دیوانی ژیانی منا
ئەو گەوهەرەی لەبن دەریای هەستی بێ بنا
تۆش بم بەخشە کەوا نەمویست لە سەرەتاوە
شیعرێ دانێم، دڵ پێی بڵێ: هەڵپرووزاوە
پێشکەشە بە ئاودێری جگەر گۆشەم

پەراوێز edit