ئاڵەکۆک

کاکەی فەلاح add_a_photo
کاکەی فەلاح دیوانی کاکەی فەلاح
٣١. بۆ گوڵێکی ژاکاو
ئەی گوڵی تازە گەشاوە!
لە نەوبەهاری ژینا بووی
شۆخی بە جوانی ڕازاوە
لە باخچەی پێکەنینا بووی
***
لەسەر چڵی بەرزی نیاز
بە شنەی شەماڵی گەشە
لار و لەنجەت پڕ بوو لە ناز
بەهرەی پڕ پێستی ئەو لەشە
***
هەر چاوێ کەئەیدی شێوەت
ئەبڵەق و حەپەساو ئەبوو
بە خونچەی ئەو دەم و لێوەت
بەدڵ گیرۆدەی داو ئەبوو
***
زۆرجار مەلی هەست و تاسە
بەجوانی تۆ خرۆشاوە
زۆرجار تاساوە هەناسە
بەسەرنجی ئەو دوو چاوە
***
کەچی داخەکەم لە ناکاو
ون بوو شێوە و سەرنجەکەت
وەک گوڵێکی هەڵپچورکاو
بەسەرچوو لار و لەنجەکەت
***
لەئەنجاما دڵەی شەیدا
زانی ژاکای بەبای خەزان
لەبن دڕکا، لەژێر پێدا
بەدەستی نرخی تۆ نەزان

پەراوێز edit