شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: بۆ گوڵێکی ژاکاو ئەی گوڵی تازە گەشاوە! لە نەوبەهاری ژینا بووی شۆخی بە جوانی ڕازاوە لە باخچەی پێکەنینا بووی *** لەسەر چڵی بەرزی نیاز بە شنەی شەماڵی گەشە لار و لەنجەت پڕ بوو لە ناز بەهرەی پڕ پێستی ئەو لەشە *** هەر چاوێ کەئەیدی شێوەت ئەبڵەق و حەپەساو ئەبوو بە خونچەی ئەو دەم و لێوەت بەدڵ گیرۆدەی داو ئەبوو *** زۆرجار مەلی هەست و تاسە بەجوانی تۆ خرۆشاوە زۆرجار تاساوە هەناسە بەسەرنجی ئەو دوو چاوە *** کەچی داخەکەم لە ناکاو ون بوو شێوە و سەرنجەکەت وەک گوڵێکی هەڵپچورکاو بەسەرچوو لار و لەنجەکەت *** لەئەنجاما دڵەی شەیدا زانی ژاکای بەبای خەزان لەبن دڕکا، لەژێر پێدا بەدەستی نرخی تۆ نەزان ++++++++++++++++++++++