ئەی باڵداری شیعروتن!
بەرەو ئاسۆی مەبەستی من
جێ بێڵە هێلانەی هەناو
شەققەی باڵم ئەوێ بە تاو
ئەگەرچی پاییزی ڕووزەرد
گەرچی خەزانی داخ و دەرد
گوڵی گۆڕیم بە دڕک و داڵ
شیرینی لێ کردم بە تاڵ
ساردە ڕێی دەر و دەشت نییە
دەرچونی تۆ بۆ گەشت نییە
گەرمە ناخی هێلانەکەت
جێ بهێڵە ئاشیانەکەت
بفڕە و بڵێ: ئەی کوردینە
شیعر و ئەدەب پەروەرینە!
«گۆران» کۆچی کردە سەیوان
گەییە ژێر داری ئەرخەوان
«گۆران»ی شاعیری مەزن
کەوتە ناو گۆمێکی بێ بن
ئەو ئەدیبە هەڵکەوتووە
لە باوەش گۆڕا خەوتووە
ئەو بلبلەی بە بەستەوە
گۆی شیعری خستە ڕستەوە
تا ئێوارە، تا بەیانی
بۆ بووکی دڵداری و جوانی
ئەو بوو لە چەرخی بیستەما
لە کێوی سەختی ستەما
شابازی سەر لقی هەڵبەست
قەڵای شیعری تازەی هەڵبەست
شیعری «بەهەشت و یادگار»
بۆی جێ هێشتین بە یادگار
چەپکە گوڵی ئەو باخەیە
فەرامۆشی ئەم داخەیە
بە چەپکە «فرمێسک و هونەر»
سامانی مرواری و گەوهەر
گوڵی پێشکەش ئێمە ئەکرد
ئەخرایە سەر گەنجینەی کورد
بە نووکی تیژی خامەکەی
بەرەو نامە و پەیامەکەی
لە خەرمانی زمانی کورد
شەن و کەوی وشەی ئەکرد
بۆ ڕووناکی ماندوو ئەبوو
یان پەپوولەی بۆ بۆن تینوو
وەک پەروانەی دوور لە چرا
لە شوێن زانستی ئەگەڕا
لەناو شەوەزەنگی ژینا
لە دنیای شیعر و نووسینا
وەکوو مۆم سووتا توایەوە
سەری سەربەرزی نایەوە