ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
قەڵبەزەی بەرزی کوێستان
ئەڕژێتە نێو دارستان
بەفراوی کێوان دێنێ
رووباری پێک ئەهێنێ
رووبارێ ئەکەوێتە رێ
دارستان دێڵێتە جێ
****
ئاواییەک لەو قەراخا
لە نێوان دار و باخا
بەرامبەر بە خۆراوا
ئەڕوانێتە سەر ئاوا
رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا
خوڕەی جوانی دێتە گوێدا
هاوینان خۆر داخ ئەبێ
گەرمە نیوەڕۆی ناو دێ
منداڵان دێنە سەر ئاو
بۆ مەلە یا ماسی راو
زۆریان تێدا هەژارە
چاوی لە دەس رووبارە
بۆ پێخۆر ماڵێ داماو
کاری بووەتە ماسی راو
****
نیوەڕۆیە و ناو دێ چۆڵ
کوڕی شوان، گورج و گۆڵ
رێ دەکەوێ بۆ رووبار
سک برسی و شڕە بار
بە هیوای قولاپ و تۆڕ
ماسی بگرێ بۆپێخۆر
****
دێت و ئەگاتە سەر ئاو
دەس ئەکاتە ماسی راو
رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا
خوڕەی جوانی دێتە گوێدا
ماوەیێ زۆر ئەدا سەر
ماسییەک دێنێتە دەر
ماسی کۆرپە و وردە زۆر
بە کار نایە بۆ پێخۆر
سینگی سپی، خوێناوی
پەلەقاژەی تاوتاوی
تێدەکۆشێ جار و بار
خۆی بخاتەوە رووبار
پێستی جوانی برژاوە
زیخی پێوە تلاوە
زیخی داخی نیوەڕۆ
دڵ ماسی دێنێتە سۆ
****
کاتێ قولاپی خوێنین
ئەخرێتە نێو ئاوی شین
دڵی ئەو ماسیە کۆرپە
راوەستابوو لە خورپە
رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا
خوڕەی جوانی دێتە گوێدا
****
ئەی ماسی وێڵی هەژار!
بۆ دەگەڕای لە رووبار؟ !
ئاخۆ تۆش لە رێی سەفەر
بۆ پێخۆر بووی دەربەدەر؟ !
ئێوەش لە نێو ماسیان
بۆ پارە و پێخۆر و ژیان
هەژارەکان ئەمرێنن
خوێنی یەکتر ئەڕژێنن؟ !!!
****
رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا
خوڕەی جوانی دێتە گوێدا
****

پەراوێز edit