ئاوایی لە شان چۆم و باخەوە
پاڵی داوەتە سینگی شاخەوە
عومرێکە نێوان لەشی کۆرپەی دێ
خوێنی ژین گەرمە و دڵی خورپەی دێ
باڵندەی رەنگین، کۆتری نەخشین
بە دەوری دێ دا ئەگەڕێ چین چین
تاوێ لە باخان، تاوێ لە سەر دێ
هەر یەک نەغمەیێ لە ناخی دەردێ
****
ئەو دەشتە سەوزە، ئەو دێیە جوانە
ئەو هەموو دار و باخ و بێستانە
دەستی سیاسەت ئاورێ دێنێ
یەک لە شوێن یەکا ئەیانسووتێنێ
دێ ئەسووتێت و خەڵکی کۆچ ئەدرێن
کۆچی دڵتەزێن بۆ دەشتی گەرمێن
بە وێنەی شەمێ کە توابێتەوە
پەپوولەی تەنیای لا مابێتەوە
ئەو کۆترانەی بە ئاسمانەوە
لە دەوری دێ دا ئەسووڕانەوە
بە ئاهەنگی خەم تاکوو خۆراوا
ئەگەڕێن بە سەر دەشتی سووتاوا
تا وردە وردە دڵنیا ئەبن
دێ بە جێ دێڵن ئەوانیش دەچن
****
گەرمەسێر ئەگەر بەهەشتی روون بێ
باخی گەوهەر و دەشتی ئاڵتوون بێ
ئێستاش هەر وەها کوردی کۆچ دراو
باڵندەی کزی لە هێلان بڕاو
مشتێ لەو خاک و بەردە سووتاوە
خاکی ئەو دەشتەی تێیدا ژیاوە
بە سەرتاسەری گەرمێنی نادا
نایگۆڕێتەوە لە گەڵ دنیادا
ئاخر بە خوێنی ئاوی پێدابوون
باو و باپیری لەوێ ژیابوون
****
گەرمەسێر ئەگەر بەهەشتی روون بێ
باخی گەوهەر و دەشتی ئاڵتوون بێ
هەموویان ئەدا تەنیا هەناسەی
بە یادی وڵات بشکێنێ تاسەی