ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
٣٠. شینی مامۆستا هەژار
گزنگی خۆری ئێواران کشاوه
تەمی ماتەم به سەر شارا کشاوه
دڵی لەرزیوه شاری پڕ پەژاره
هەواڵی مەرگی مامۆستا هەژاره
له سەر قەبرانەوه خەڵکی گەڕاوه
کچێ رەشپۆشه هەر لەو شوێنه ماوه
دەخوێنێ شێعری پڕ سۆزی بەسەرهات
دەمێ دەگری، دەمێ هەرواکش و مات
شەمی دانا له سەر هەر سێ مەزارا
گوڵی بارانده سەر گڵکۆی هەژارا
له سەر بەردی مەزاری شاعیرانا
گوڵی سوور و سەری ئاڵۆزی دانا
کچ و شەم بەو شەوه گەرمی گرینن
له کۆڕی شاعیرانەی گەرمه شینن
له بەر شەوقی شەما تا لای بەیانی
وەکوو ئەستێرەیه فرمێسکەکانی
دەخوێنێ شێعری پڕ سۆزی بەسەرهات
دەمێ دەگری، دەمێ هەرواکش و مات
کچی خەمباری سەر قەبرانی خامۆش
فریشتەی چاو به فرمێسکی سیاپۆش
به شیوەن ئاگرت بەردا له گیانم
دەزانم، تۆ پەری شێعری، دەزانم
پەری شێعری کەوا دەگری شەوانه
به جێ ناهێڵی کۆڕی شاعیرانه
چ شێعرێ مەرهەمی جەرگی بەخوێنه؟
وەکوو ناڵەی جودایی دڵتەزێنه؟
فریشته، عەتری شێعری تازه بێنه
به سەر خاکی هەژارا بیپژێنه
بڵێ هێمن! بەسه ناڵەی جودایی
هەژاریش هاتەوه بۆ لای خەزایی
له بەر شەوقی شەما تا لای بەیانی
وەکوو ئەستێرەیه فرمێسکەکانی
گەلێ گریا پەری شێعر و لە ناکاو
لە گەڵ هەوری رەشا ون بوو لە بەرچاو
گۆڤاری سروە

پەراوێز edit