ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
٣١. پەری شێعر
هەموو شەوێ له ئاسمان
له عەرشی بەرز و دوورەوه
به باوەشێ گوڵی گەش و
خەیاڵی بێسنوورەوە
لە شوێنی هەورەکانەوە
پەری شێعر بەڕێوەیە
کە هەر گوڵێکی دەستی وی
پەپوولەیەکی پێوەیە
هەواڵە خۆشەویستەکەم!
فریشتەکەم! دەچیتە کوێ؟
لە مێژە نایەتە ژوانی دڵ
بە سۆزی گەرمی شێعری نوێ
مەترسە مەیژە کوندەبۆ
مەلی ئەوینی سەربڕی
مەڵێ کە کۆتری شێعر
لە شاری ئێمە هەڵفڕی
لە نێو شەپۆلی مانگە شەو
گەڕامە شوێنی تۆ، پەری!
بەجێم مەهێڵە، سا مەچۆ
دە بەسیە مەمکە بێ بەری
کە تۆ لە ماڵە چۆڵەکەم
پەڕیوە بووی و نایەوە
شەمی هەزار و یەک شێعر
لە سووچی دڵ کوژایەوە
گەڵای نەمامی شێعری من
کە دانە دانە هەڵوەری
بە چەشنی هەوری کۆچەری
نەبوویە سێبەری، پەری!
لە ترسی چاوی کوندەبۆ
مەچۆ، دە خۆت مەشارەوە
بەرەو هەواری دڵ وەرە
بە دەستی پڕ هەسارەوە
بە سۆزی شێعری تازەوە
بە گوڵ وشەی ئەوینەوە
بە شەونمی گرینەوە
بە شێعری ئاگرینەوە
****
دەڵێن دڵی پەری شێعر
بە چەشنی ئاوی کانییە
شنەی بەیان و بۆنی گوڵ
هەناسە جوانەکانییە
دەمی لە شەوق و پێکەنین
دەمێ لە شین و زارییە
هەڵاڵەکانی بەندەنی
بەهاری کوردەوارییە
****
لە نێو شەپۆلی مانگەشەو
گەڕامە شوێنی تۆ، پەری!
بەجێم مەهێڵە، سا مەچۆ
دە بەسیە، مەمکە بێ بەری
دەمێ دەبیتە سوورە گوڵ
بە دەستی باخەوانەوە
شەپۆلی دەنگی بولبولێ
لە کووچە باخەکانەوە
دەبێ بە شێعری ماتەمێ
لە بەردی سەر مەزارەوە
دڵۆپی گەرمی حەسرەتێ
لە چاوێ دێتە خوارەوە
دەبێ بە سۆزی نەغمەیێ
لە سینگی سازێ دێتە دەر
دەبێتە بەستە بۆ خەم و
خەیاڵەکانی رێی سەفەر
لە ترسی چاوی کوندەبۆ
مەچۆ، دە خۆت مەشارەوە
بەرەو هەواری دڵ وەرە
بە دەستی پڕ هەسارەوە
****
گۆڤاری سروە

پەراوێز edit