ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
بولبولی بەندی قەفەس پەروەردەی ئەو کێوانەیە
بۆیە تا ئاخر نەفەس هەر وا بە تاسەی لانەیە
باڵی ئازادی ئەسووتێنین و دانەی پێ ئەدەین
نەک ژیانی ئەو مەلە، تەنیا بە ئاو و دانەیە
شینی هێلانەی دەکا، ئەگریت وسەربەستی دەوێ
بانگ و ئاوازی قەفەس، ئەو شیوەن و گریانەیە
سووچی بەندی بۆ دەڕازێنینەوە بێخەم بژی
کەی نیشانەی ژینی بێخەم، زیوەری کاشانەیە؟ !
تێدەکۆشێ هەڵفڕێ، بەندی قەفەس بۆی ناچڕێ
ئاخرین ئاواتی بەرزی دیتنی هێلانەیە
نەغمە سەردانی کە وا پاراوی هەستی گەل دەکا
شینی بێ فرمێسکی ئەو باڵندە بەستەزمانەیە
سووچی بەندیخانە وایە هەر کە ئازادی دەوێ
بەرهەمی کاتی خەمی، ئەو نەغمە بەرز و جوانەیە
(قانع)م دێنێتەوە بیر ئاوازی باڵندەی قەفەس
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە

پەراوێز edit