ئەی سەرگەردانی مانوو
لێقەوماوی بێخانوو
ئەی ماڵ و منداڵ لە کۆڵ
ئاوارەی نیشتمان چۆڵ
ئەی برای فەلەستینی
کەی مافی خۆت ئەستێنی؟
ئەی باڵندەی بێ هێلان
ئەی وەیلانی بەستەزمان
لەو دەشت و دۆڵ و کێوە
دوو کۆڵ ئەبەیت بە رێوە
کۆڵێ ماڵ و منداڵت
تەزاندوویەتی باڵت
کۆڵێ خەمی وەیلانی
دڵت گرتوویە شانی
بارت قورس و پێ پەتی
رێبواری رێی مەینەتی
ئاخۆ خەمی نیشتمان
پێت قورسە یا کۆڵی شان؟ !
ئەی فەلەستینی هەژار
وێڵی دەستی ئیستیعمار
رۆژێ دەبێ خەباتت
بێنێتە دەس وڵاتت
ئاخۆ ئەو رۆژە کەی بێ؟
ئاخۆ ئەو رۆژە کە بێ؟ !
***
ئی باڵندەی بێ هێلان
ئەی وەیلانی بەستەزمان
***