شەوی تاریکە لێم شێواوە رێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە رێکا
ژیانی من وەکوو ئەمشەو وەهایە
بەرەو هەر لا دەچم بەسراوە رێگا
****
گوڵی سەر بەرزی لاولاو کورتە ژینی
دەمێکە سەیری باخ و پێکەنینی
بە ناکامی سەری دانا کە بمرێ
هەتاکوو رەنگی ئەم دنیایەی بینی
****
گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با
بەهارێ دیکە دێ ئەم داخە لابا
هەناسەی باخەوانی پیرە دەیکوت:
هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با
****
دڵم تەنگە پەرێشانم دەمێکە
خەیاڵم هەر دەمێ لانەی خەمێکە
ئەوەندە دڵپڕم پێم خۆشە بگریم
کە فرمێسک و هەناسە مەرهەمێکە
****
چلەی زستانی کوێستانە و کچی کێو
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەی بە چاشێو
من ئەیزانم چ سێحرێکە ئەگەر بێ و
لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو
****
ژیانی لاویم وێنەی گوڵێ بوو
کە هاتە باخی ژین و هەڵوەری زوو
وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران
خەمێکی نایە داوێنی دڵ و چوو
****
چیمەنی نەورۆزی ئەمساڵی سنە خوێناوییە
دەشت و کێوانی لە خوێنی لاوەکان نەخشاوییە
سێسەد و پەنجاوحەوتە، ساڵی دین و راپەڕین
کوردی ئازادە بەرەپیری لە شۆڕش باویە