شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: دوو بەیتی سەبارەت: پێداچوونەوە: ناشناس شەوی تاریکە لێم شێواوە رێگا بەیانی هات و زۆری ماوە رێکا ژیانی من وەکوو ئەمشەو وەهایە بەرەو هەر لا دەچم بەسراوە رێگا **** گوڵی سەر بەرزی لاولاو کورتە ژینی دەمێکە سەیری باخ و پێکەنینی بە ناکامی سەری دانا کە بمرێ هەتاکوو رەنگی ئەم دنیایەی بینی **** گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با بەهارێ دیکە دێ ئەم داخە لابا هەناسەی باخەوانی پیرە دەیکوت: هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با **** دڵم تەنگە پەرێشانم دەمێکە خەیاڵم هەر دەمێ لانەی خەمێکە ئەوەندە دڵپڕم پێم خۆشە بگریم کە فرمێسک و هەناسە مەرهەمێکە **** چلەی زستانی کوێستانە و کچی کێو دەپۆشێ بەژن و باڵاکەی بە چاشێو من ئەیزانم چ سێحرێکە ئەگەر بێ و لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو **** ژیانی لاویم وێنەی گوڵێ بوو کە هاتە باخی ژین و هەڵوەری زوو وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران خەمێکی نایە داوێنی دڵ و چوو **** چیمەنی نەورۆزی ئەمساڵی سنە خوێناوییە دەشت و کێوانی لە خوێنی لاوەکان نەخشاوییە سێسەد و پەنجاوحەوتە، ساڵی دین و راپەڕین کوردی ئازادە بەرەپیری لە شۆڕش باویە ++++++++++++++++++++++