شنەی بەر بەیان دیمەن بە دیمەن
باوەشێن ئەکا ئەگریجەی چیمەن
کیژی خۆرەتاو چاوی هەڵدێنێ
دێت و گوڵی شەو هەڵدەوەرێنێ
ئەوەستێ لە سەر دیواری ئاسۆ
بۆ سەیری دەشت و سەوزی کەژ و کۆ
ئەستێرەکانیش وەک ماسی نێو ئاو
لە دەریای شینا ون دەبن لە چاو
چیمەنی سەوزی ژێر پێی مراوی
فرمێسکی شەونم، دەتکێ لە چاوی
گەلێ ئاسکی جوان لە خەو هەڵدەستن
دێنە سەر کانی، کۆڕێ دەبەستن
لاولاوی رەنگین، دەس لە ملانی دار
پێدەکەنێ بۆ گوڵی بێ دڵدار
پەلەوەر دەنگی بەرز ئەکاتەوە
لە چۆڵی باخا دەنگ ئەداتەوە
ئاوی چۆم ئەڕوا و گەڵای زەردی پار
دەسپێرێ بە دەس رێبواری رووبار
پەپوولەی نەخشین لەو سەر جۆبارە
بۆنی گوڵ دەکا هەتا ئێوارە
پەرژینی دەوری باخی گرتووە
باڵندە لانەی تێدا بەستووە
خۆر بە جێدێڵێ داوێنی کوێستان
دێتە سەربانی باخ و دارستان
بەفراو بە وێنەی فرمێسکی دڵدار
خوڕخوڕ بە گۆنای کێوا دێتە خوار
بولبول نەغمە خوێن، ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ
پێدەکەنێ بۆی غونچەی ئاڵی گوڵ
ئاوی سافی گۆم، ئەڵێی نیگارە
وێنەی سروشتی تێدا دیارە
کەوێ دێ لە سەر چیمەنی کۆسار
بە دەندووکی سوور ئەنووسێ: بەهار
ئەی بەهاری من تۆ کەی دێیتەوە؟ !
ئەی بەهاری من تۆ کەی دێیتەوە؟ !