مامە شوانی دەربەدەر
کوردی فەرەنجی لەبەر
خونچەی دڵم بێ ئاوە
هانام بۆ تۆ هێناوە
نە خوڕەی ئاوی کانی
نە باخ و نەغمەکانی
نە دیمەنی بەهاران
نە باڵندەی کۆساران
ماوێکە مەستم ناکەن
پاراوی هەستم ناکەن
دڵتەنگم زۆر خەمینم
پەشێوی کۆچی ژینم
منداڵی بە خەمباری
لاوی بە چاوەنواڕی
مانگ و ساڵی ژیانم
کەی هات و چوو؟ نازانم
****
مامە شوانی دەربەدەر
کوردی فەرەنجی لە بەر
خونچەی دڵم بێ ئاوە
هانام بۆ تۆ هێناوە
ساتێ لە بەر شاڵەکەت
دەربێنە شمشاڵەکەت
لە سێبەری ئەو دارە
بڕوانە ئەو جۆبارە
بە سۆزی جەرگی بریان
بلوێرت بێنە گریان
باخی ئەم دڵە تەنگە
پاراو کە بەو ئاهەنگە
ئاهەنگی بە جێ هێشتن
نەغمەی کۆچ و رۆیشتن
باکوو بە نەزمی حەیران
فرمێسکم بێنە سەیران