ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
٢٤. ملوانکەی شین
١
نیوەڕۆی گەرمی رۆژێکی بەهار
لە ژێر هەتاوی ڕێگای زرێبار
منداڵێ مل کز، چۆخە و رانک شڕ
رێگا دەپێوێ پەشێو و دڵ پڕ
بێ وچان دەڕوا و هەنگاو هەڵدەگرێ
بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ
نەختێ نانە رەق لە توێی جامانە
بوونەتە تۆشووی ئەو بەستەزمانە
بۆ تێکۆشانی رۆژێ ماسی ڕاو
نەختێ شریت و تۆڕێ پورتوکاو
لەگەڵ قولاپێ کۆن و ژەنگ هێناو
هێناویە ئەمڕۆش بیانخاتە ئاو
ئەڕوات و جار جار لە چۆڵی رێدا
ئەزرنگێتەوە دەنگێ لە گوێیدا:
(هیوا خێراکە، خوا نەتهێنێتۆ
حەو ڕۆژە ئەڕۆی دەسخاڵی دێیتۆ
ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار
ئەر بۆت نەگیرا، خۆت خە زرێبار)
****
ئەڕوات وا لە نێو دڕک و داڵی رێ
کڵاش کۆنی تاوتاو، ئەکنرێ لە پێ
بێ وچان ئەڕوا و هەنگاو هەڵدەگرێ
بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ
جارێ بۆ لاڕێ ورد ئەبێتەوە
ملوانکەیەکی شین ئەدۆزێتەوە
بە چاکی چۆخەی خاکی لائەبا
ئەڕوات و جار جار سەرنجی ئەدا
بێ وچان ئەڕوا و هەنگاو هەڵدەگڕێ
بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ
٢
کاتێ ئەگاتە ئاوی زرێبار
دێتە گوێ دەنگی شەپۆل و لێوار
دوو فرمێسکی داخ دێنە گوێی چاوی
سووکێ ئەشۆرێن گۆنای سووتاوی
ئەڵێ: زرێبار! چەن پاڕێمەوە؟ !
لەم لێوارانەت بسووڕێمەوە؟ !
حەو ڕۆژ ئەم تۆڕەم هێنا و بردم
ماسیت پێنەدام مەیۆست کردم
باوەژنیشم کوتوویە ئەمجار
ئەر ماسیت نەگرت خۆت خە زرێبار
بەڵکوو نەختێ زوو بگەڕێمەوە
ملوانکەی شینم دۆزیوەتەوە
دەیبەمەوە بۆ خوشکم ئێوارە
ئاخر لە هاوماڵ سەری لە خوارە
زرێبار! من و خوشکم هەژارین
دایکمان نەماوە، باوەژن دارین
خوشکم هەر خەریک فرمانە بۆ ئەو
وچانی نییە بەیان تاکوو شەو
هەرچی دەیبینم چاوی پڕ ئاوە
لە بەر سەرماوە دەستی تەزاوە
شەوان کە ماندوو دێینەوە بۆ ماڵ
کارمان گریانە و بیستن قسەی تاڵ
بەیان ناهێڵێ خۆر سەر دەربێرێ
هەر یەکمان بەرەو شوێنێ ئەنێرێ
خوشکی هەژارم دەس ئەکا بە کار
منیش بۆ راوە ماسی دێم بۆ زرێبار
خێرا کە توخوا با بڕۆمەوە
با ئەم ملوانکەی زوو بۆ بەمەوە
گیرفانم کونە نەک وا داکەوێ
با لە دەستم بێ هەتاکوو شەوێ
٣
ئەمڕۆش بە وێنەی رۆژانی پێشوو
دێت و شریتی ئەخا هاتوچوو
هەتا رۆژ ئەگا داوێن خۆرئاوا
سێبەری کێوان دێنە سەر ئاوا
هیوا هەر پەنجەی لێ هەڵپێکاوە
چاوەڕێی تۆڕ و دەریا وەستاوە
٤
تاریکی شەو هات رەنگ ئاوی گۆڕی
هێشتا ماسییەک نەکەوتووە تۆڕی
وتەی باوەژن لە نیوە شەوە
هەر وەها لە گوێیدا دەنگ ئەداتەوە
(هیوا خێراکە، خوا نەتهێنێتۆ
حەو ڕۆژە ئەڕۆی دەسخاڵی دێیتۆ
ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار
ئەر بۆت نەگیرا، خۆت خە زرێبار)
****
زرێبار تاریک، شەو سەرد و دڵتەنگ
هیوا کش و مات وەستاوە بێدەنگ
وتەی باوەژن لەو نیوە شەوە
هەر وەها لە گوێی دەنگ ئەداتەوە
٥
بەیان زرێبار تەمی گرتبوو
باران دوێنێ شەو لێڵی کردبوو
پەڵەی هەوری رەش بە ئاسمانەوە
لە سەر ئاوی لێڵ ئەسووڕانەوە
کاتێ چەخماخە لێی ئەدا تاو تاو
لاشەی منداڵێ کەوتبووە سەر ئاو
ملوانکەیێ شین لە نێو دەسیایە
بۆ کێو ئەڕوانێ ئەڵێ هیوایە
نێو ئەو شەپۆلەی دەور و بەریایە
دوو بەچکە ماسی کەوتبوونە کایە
****
کاتێ کە نم نم باران هاتە خوار
ئەڕژا سەر سینگی سەردی زرێبار
سووکێ کەوتە رێ، شەپۆلێ خەمبار
تا لاشەی هیوای هێنا بۆ لێوار
ملوانکەیش هەر وا لە چنگیا مابوو
هێشتاکوو لە دەس بەری نەدابوو
زرێبار ئەیکوت: زۆری کۆشابوو
بەستەزمان ماسی بۆ نەگیرابوو

پەراوێز edit