ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
٢٢. زرێبار
لە پەڕ شاری مەریوان
دوو چین کێوی سەوز و جوان
راوەستاون بەرانبەر
بەرز و دارستان لە سەر
لە داوێن ئەو کێوانا
لە ژێر تاقی ئاسمانا
گۆمێکی جوان وەستاوە
کە (زرێبار)ی ناوە
کێوان سەوز و دڵنشین
ئاسمان و ئاو هەر دوو شین
زرێبار و بەهاری
بەهەشتی کوردەواری
****
لە نێو دارستان قەراخ
باڵندەکان شاخ بە شاخ
کۆ دەبن و یەک دەگرن
ئاسمانی سەر ئاو دەبڕن
لە ژێر تیشکی هەتاوا
لە سەر ئاوێنەی ئاوا
وێنەی خۆیان دەبینن
مەست دەبن و ئەخوێنن:
زرێبار و بەهاری
بەهەشتی کوردەواری
****
شنەی بەیانی بەهار
ئەدا لە سەر زرێبار
کاتێ کە بووکی هەتاو
تیشکی ئەخاتە سەر ئاو
وێنەی کراسی کیژی کورد
کە شەماڵ لێیدا ورد ورد
شەپۆلی جوان و زێڕین
دەڕژێتە سەر ئاوی شین
بەرەو چیمەن و گوڵزار
رێ دەکەون بۆ لێوار
بەرانبەر بووکی هەتاو
کیژی زێڕینی هەتاو
لەو کاتی بەربەیانە
شادی و سەمایانە
ئەڵێن شەپۆلی قەراخ
دەنگیان ئەڕوا شاخ بە شاخ:
زرێبار و بەهاری
بەهەشتی کوردەواری
****

پەراوێز edit