شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: زرێبار لە پەڕ شاری مەریوان دوو چین کێوی سەوز و جوان راوەستاون بەرانبەر بەرز و دارستان لە سەر لە داوێن ئەو کێوانا لە ژێر تاقی ئاسمانا گۆمێکی جوان وەستاوە کە (زرێبار)ی ناوە کێوان سەوز و دڵنشین ئاسمان و ئاو هەر دوو شین زرێبار و بەهاری بەهەشتی کوردەواری **** لە نێو دارستان قەراخ باڵندەکان شاخ بە شاخ کۆ دەبن و یەک دەگرن ئاسمانی سەر ئاو دەبڕن لە ژێر تیشکی هەتاوا لە سەر ئاوێنەی ئاوا وێنەی خۆیان دەبینن مەست دەبن و ئەخوێنن: زرێبار و بەهاری بەهەشتی کوردەواری **** شنەی بەیانی بەهار ئەدا لە سەر زرێبار کاتێ کە بووکی هەتاو تیشکی ئەخاتە سەر ئاو وێنەی کراسی کیژی کورد کە شەماڵ لێیدا ورد ورد شەپۆلی جوان و زێڕین دەڕژێتە سەر ئاوی شین بەرەو چیمەن و گوڵزار رێ دەکەون بۆ لێوار بەرانبەر بووکی هەتاو کیژی زێڕینی هەتاو لەو کاتی بەربەیانە شادی و سەمایانە ئەڵێن شەپۆلی قەراخ دەنگیان ئەڕوا شاخ بە شاخ: زرێبار و بەهاری بەهەشتی کوردەواری **** ++++++++++++++++++++++