ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
١٦. هەنسک و فرمێسک
ژینی منداڵی دنیای شیرینە
شێعری سەرەتای چیرۆکی ژینە
عومری منداڵیم چەن زوو
وەک نەسیمێ هات و چوو
مەلێ غەریب بوو، رۆیشت
هە یادێکی بە جێ هێشت
****
کەم کەم وریا بوومەوە
بیرم چاوی کردەوە
دنیایەکم بینی بێ تین
نە وەک منداڵی شیرین
خەمی کاتی منداڵی
گرێ نەبوو لە پاڵی
کەی وەکوو خەمی ئێستا
ریشەی لە دڵ ئەوەستا
هەر خەمێک و فرمێسکێ
فرمێسکێک و هەنسکێ
تەمی دڵ ئەشۆرێ
دنیای تاڵی دەگۆڕێ
چ دەروون و چ لە روو
دنیامان هەر ئەوە بوو
ژینی منداڵی دنیای شیرینە
شێعری سەرەتای چیرۆکی ژینە
****
وریا بوومەوە کەم کەم
دەوری گرتم گەلێ خەم
کە هەوەڵ جارێ گریام
لە بۆ هەژارێ گریام
بۆ ئەو گریام و بۆ خۆم
کە ئاخۆ بۆ کوێ دەڕۆم؟ !
وەک منداڵێ ون بووبێ
نەمدەزانی وام لە کوێ؟
ئێستاش هەرچی دەڕوانم
خۆم بە وەیلان دەزانم
سەرنجی هەر لایێ ئەدەم
هیچ شتێ بەدی ناکەم
هەر چەن ئەو سەری رێگا
نایزانم بە کوێ دەگا
پێم خۆشە جارێکی تر
تەنیا گوزارێگی تر
بگەڕایمەوە لە نوێ
دیسان بۆ هەوەڵی رێ
بگام لەو دنیا جوانە
وەکوو ئەو منداڵانە
با خەمەکانم سووک بێ
بێ گرێ و بچووک بێ
باکوو تەنیا فرمێسکێ
هەناسەیەک و هەنسکێ
تەمی دڵم بشۆرێ
دنیای ژینم بگۆڕێ
ژینی منداڵی دنیای شیرینە
شێعری سەرەتای چیرۆکی ژینە

پەراوێز edit