ئاڵەکۆک

شەریف حوسێن پەناھی add_a_photo
شەریف ملوانکەی شین
١٥. هەڵاڵە
دەوڵ و زوڕنایە، چەپڵە ڕێزانە
بەزمی شادی و چۆپی کێشانە
بەرگی رەنگاوڕەنگ کیژی سەربانان
دەکێشێ نیگای لاوی کۆڵانان
ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ
دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەو پەڕ دێ
لە نێو کیژانا تەنیا هەڵاڵە
دڵی خەمینە و لە سووچی ماڵە
ئاخر دیاری یاری بێوەفای
دەستەی چنوورە، ماوەتەوە لای
یادگارێکە یاری پێی داوە
ئێستا بێڕەنگە و بۆنی نەماوە
****
هەڵاڵە دەڕوا بۆ خەیاڵی دوور
ئەڕوانێ جارجار بۆ چەپکەی چنوور
****
دەنگی زەماوەن ئەتۆم دێتە گوێ
کوانێ پەیمانت، کوانێ وا لە کوێ؟
قەولی ئەم رۆژی سەما و شادییە
بە منت دابوو لە بیرت نییە؟ !
دڵم گوڵێ بوو بۆچیت هەڵوەراند؟ !
بۆچی ئاوێنەی ئەوینت شکاند؟ !
کوانێ مەیلەکەی جاری جارانت
کوانێ هاتوچۆ و ئیشارەکانت
کوانێ راوەستان، سەر ڕێگای کانی؟
کوانێ سێوی سوور، کوانێ گۆرانی؟
گیانی شیرینم، دڵت شکاندم
دڵت شکاندم، دڵت شکاندم
****
جارجارێ فرمێسک لە چاوی سوورا
ئەبارێتە سەر چەپکەی چنوورا
ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ
دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەوپەڕ دێ
****
هەڵاڵە وا بیر ئەکاتەوە
دەفتەری ژینی هەڵئەداتەوە:
سوێندم بە سۆزی دڵی ئەسیرم
تا ساتێ ماوم هەر وای لە بیرم
ئەو ساتە لاشەم سەرد ئەبێتەوە
چرای ژیانم ئەکوژێتەوە
ئاخرین قسەم هەر ناوی تۆیە
هەر چاوەکانم پڕ ئاوی تۆیە
دڵم گوڵێ بوو بۆچیت هەڵوەراند؟ !
بۆچی ئاوێنەی ئەوینت شکاند؟ !
تۆ دەوڵەمەند و من کیژێ نەدار
بە غەیری وەفا چی هەیە هەژار؟
خونچەی دڵی خۆم هێنا و دام بە تۆ
بەڵام وتەی تۆ هەموویان درۆ
****
جارجارێ فرمێسک لە چاوی سوورا
ئەبارێنە سەر چەپکەی چنوورا
دایکی لە داخی کچ، بێخەبەرە
بانگی لێ دەکا لەو بەر پەنجەرە:
(هەڵاڵە وەرە هەڵاڵە وەرە
کیژە جوانەکەم تاوێ هەڵپەڕە)
دایکی نەیبینی فرمێسکی چاوی
زولفی شێواوی دڵی شکاوی
ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ
دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەوپەڕ دێ

پەراوێز edit