١
نیوە شەوێکی سەرد و دڵتەنگە
خەڵکی خەوتوون دنیا بێدەنگە
شار پەردەی رەشی کێشاوەتە سەر
مانگی شەوان پێو، لە کێو هاتە دەر
بایەقۆشێ پیر دێت و جارجارێک
دەخوێنێ لە سەر کۆنە دیوارێک
****
لە وێرانەیەکی چۆڵ و بێدەنگا
لە نێو ماڵێکی سەرد و دڵتەنگا
خەوتووە خەمین کچێکی هەتیو
هەتیوێ خۆشی لە دنیا نەدیو
دایکی بەینێکە دوورە لە دنیا
ئەو کچە ماوە لەوێدا تەنیا
منداڵی بچووک لە نێو بەرگی خەو
ئەدا لە گۆنای شەوقی مانگە شەو
بەڵام خەوی چی؟ هەتاکوو بەیان
وتووێژ دەکا لە گەڵ ئەستێران
لەوان دەپرسێ دایکی وا لەکوێ؟
بۆچی بە تەنیا هێشتوویەتە جێ؟
ساتێ فرمێسکی لێ جیا نابێ
ئاخر منداڵە و دڵنیا نابێ
گوێ بدە ساتێ، بەسەرهاتی ئەو
لە گەڵ ئەستێران چی دەکوت ئەوشەو:
٢
(ئەی مانگی جوان! ئەی ئەستێرەکان!
ئێوە دەبینن لە نێو ئاسمان
باخی بەهەشتی خودا لە کوێدا؟
ئەڵێن دایکی من وا لە وێدا
ئەی مانگ! تۆ دایکی ئەستێرەکانی
تۆ خودا پێم بڵێ ئەگەر دەزانی
ئەستێرەکانت کۆ بوونەتەوە
وان لە گەڵ خۆتا چەشنی هەر شەوە
پێم بڵێ داکی من کەی دێتەوە؟
منیش ئەستێرەم، مانگی من ئەوە
ئەی ئەستێرەی خۆم گوێ بگرە ساتێ
بە دایکم بڵێ دەیبینی کاتێ:
دایکی خۆشەویست! بینایی چاوم!
هێزی ژیانم، تەنیا هەتاوم
بۆچی رۆیشتی لە گەڵ نەتبردم؟
تەنیا لەم دنیا وەیلانت کردم؟
هەتا دێیتەوە هەر چاوەڕێتم
بە هیوای بیستن ئاهەنگی پێتم)
ئەی ئەستێرەی خۆم گوێ بگرە ساتێ
بە دایکم بڵێ ئەیبینی کاتێ
زۆر بە ئاواتم کاتێ هاتەوە
لە سەر داوێنی خەو بمباتەوە
ئەگەر وەکوو مەل دوو باڵم هەبوو
لە نێو دنیادا ئەمکرد هاتوچوو
دەگەڕام هەموو کێو و دەر و دەشت
هەتاکوو دەگام بە باخی بەهەشت
بەڵکوو لەوێدا جارێ بتبینم
ئەتۆش ببینی گریان و شینم
****
بەڵام باسی من زۆر بێ فایەیە
ئاخر کەی هەتیو ئەستێرەی هەیە؟
دەردی دڵی خۆم من دەڵێم بە کێ؟
هەتیو چی هەیە تا ئەستێرەی بێ؟
٣
نەختێ دەگوزەرێ خەو دێتە چاوی
باسی دەمێنێ بە ناتەواوی
تاکوو دەخەوێ لە نیوەی شەودا
دایکی دەبینێ لە دنیای خەودا
دەپاڕێتەوە لە گەڵ خۆی بیبا
نەڕوات و دیسان نەیهێڵێ تەنیا
دایکی دەکێشێ لە سەری دەستێ
ئەڵێ: نەبوونە، پاشی هەر هەستێ
کچم جێگای من جگە دنیایە
دایکت وەکوو تۆ لەوێ تەنیایە
رۆڵە ماڵی من تاریک و سەردە
جێگاکەم خاکە، سەرینم بەردە
****
بە دایکی دەڵێ کچ بە چای سوور
لە قرچە و سۆزی دڵ وەکوو تەنوور:
نامەوێ بێ تۆ، رووناکی دنیا
هەر خۆتم دەوێ وای لە هەر کوێدا
دیسان بۆ دڵم دەشکێنیتەوە؟
گەر نامبەی لە گەڵ، بۆ هاتوویتەوە؟
****
دایکی بە دڵێ پڕ ئێش و خەمناک
تک تک فرمێسک دەتکێتە سەر خاک
ئەڵێ: (کچەکەم شەوێکی سەردە
سەرماش سەرەتای نەخۆشی و دەردە
تۆش لە جێگاکەت کەوتبوویتە دەر
هاتووم بیکێشم پۆشینت لە سەر
زستان بێنەوا نابەتەو لە هۆش
باکوو لە سەرما نەکەوی نەخۆش
کێ لە ناخۆشی شەوان یارت بێ؟
کێ لە جێگای خۆم پەرەستارت بێ؟ )
وەڵامی ئەدا بەم چەشنە و ئەڕوا
ئیتر هاواری کچی پێناگا
٤
سبەینێ کاتێ خۆر دای لە سەر کێو
لە شووشەی شکاو، شەوقی دایە نێو
دای لە سەر جێگا و لاشەی سەردی کچ
رووناکی دەکرد گۆنای زەردی کچ
بایەقۆش نەختێ چڵی بردبوو
لەو ماڵە چۆڵە لانەی گرتبوو
ئاخر چۆن بڵێم ئەو کچە مردبوو
بایەقۆش دەیکوت: دیقی کردبوو