مەرحەبا پارە، مەرهەمی زامم
فەرەحی قەلب و دڵەی ناکامم
پارە، بە تۆیە قووەتی ئەژنۆم
ئەتۆ دەرمانی بۆ زامی بەسۆم
پارە گریکی دڵی وێرانی
واسیتەی ڕوونی هەر دوو چاوانی
ئەتۆ چاتری لە براو باوک
هەر ئەتۆی پارە، پریاسکەی ناوک
بۆتۆیە برا برا ئەکوژێ
لە ڕووی مەیدانا خوێنی ئەڕژێ
بۆ تۆیە دەوڵەت حەرب ئەکا ئیعلان
حەیات تەرک ئەکا ئەبوورێ لە گیان
کاسبان بۆ تۆ ڕۆژ هەتا ئێوار
هەوڵت بۆ ئەدەن لە لادێ و لە شار
بۆ تۆیە جەردە کە ڕێگە ئەگرێ
بە گوللە، جەرگی ڕێبواران ئەبڕێ
بۆ تۆیە کە ژن حەیا ئەفرۆشێ
خۆی مەهتوک ئەکا لە بۆ قرۆشێ
پارە لە دونیا، هەر تۆ ئەنوێنێ
هەر وەکوو بولبول سەربەست ئەخوێنێ
پارە چەند پیاوی نەفام و هەرزە
بە تۆ بوو بە پیاو زیاد بەم نەوع و تەرزە
چەند مەردو عاقڵ بە بێ دەردی سەر
دێنە خزمەتی ئەبن بە نۆکەر
چەند کەسی ناکەس تۆ کردت بە پیاو
کردت بە خاوەن دیوانی تەواو
بە بێ تۆ پارە چەند ساحێب وەجاغ
مات و غەمگینە دەروون پڕ لە داغ
تەنها خەمڕەوێن جەنابی ئەمە
بێ پارە بەشی هەر جەفاو غەمە
هیچ کەس ناپرسێ لە ساحێب نەسەب
لە قەدرو حورمەت لە حەیاو ئەدەب
مەلای بێچارە کە لێی ئەپرسێ
هەزار یاسین و تەلقین بە فلسێ
کێ بە شێخ ئەڵێ لە کوێوە هاتووی
دەروێش بە پوڵێ سەد زیکری یاهووی
غەیری پارەدار هەمووی بەتاڵە
کێ مەلاو شێخی هەر لە خەیاڵە
هەرکەس پارەی بوو ئەو کەسە پیاوە
دێنە خزمەتی لەملاو لەولاوە
ئەگەر پارەدار لە فەقیر بدا
ڕەزیلی بکا تەعنەی لێبدا
گەلێ پێی خۆشە زۆر منەتبارە
لای نەسیحەتەو فەقیر بێچارە
پێی ئەڵێ حەقتە هەرچیم پێبکەی
لام نەسیحەتە هەرچیم پێ بڵێیت
مەزڵووم بزانە پارە بۆ دونیا
چەند فەزل و هونەر بە ئینسان ئەدا