هەر وەکوو من وێڵ و گێج و مات و سەرگەردانە ڕۆژ
تیشکی ڕووی تۆی دی کە لێوە و عاشق و حەیرانە ڕۆژ
من سەرم دانا لەپێناوی کەسێکی بێوەفا
هەر وەکوو من دەردەدار و بێسەر و سامانە ڕۆژ
من خەدەنگی غەمزەکەت جەرگی لەبن پاچیم بەڵام
زەرد و خوێنین چاکە مەجرۆی زامی بێدەرمانە ڕۆژ
جاربەجار خونچەی دڵم زامی دەپشکوێ و زووخ دەچێ
بۆیە گاهێ لێو دەبات ئیشی هەر گەڕیانە ڕۆژ
جەوری ئیستیغنای حەبیب و ئیحتیاجی موبرەمم
باعیسی گریانی شەو ناڵینی بێ پایانە ڕۆژ
داغی جەبهەی مانگە، شوعلەی دڵبەری زوهرە جەبین
خوێنی لێ دێ بۆ لەبی وا جەرگی پڕ پەیکانە ڕۆژ
تاکوو تاهیر ڕەنجی حیرمانی لە دڵبەر بوو نەسیب
بەزمی عەیشی دایمەن عەینی شەوی هیجرانە ڕۆژ