وەک شەماڵ گەڕیام بە بەرزانەوە
بە لاشەی لاواز خەم هەرزانەوە
کێوان بە کێوان سەختی سەرشاخان
تێپەڕیم لە گشت گوڵزار و باخان
نە شاخی دڵگیر نە باخی ئازیز
من زیز و دڵسارد وەک سەرمای پاییز
بەڵام ماندووییم ڕێ نەدا لە دڵ
نەترسام لە کێو لە دۆڵ و شەخڵ
شاوە و ماکوان بەندی بەنی گەز
پەلی هەواندەردڵ لە هەیبەت لەرز
سەرکانی ڕێزە کۆپی ساراوەند
ڕاخی پڕ پەرداخ شۆخی دڵپەسەند
دەشتم سەیران کرد کانی و سەرئاوان
هەمووم جریو دا وێران تا ئاوان
لووتکە بە لووتکە سەرشاخی بەمۆ
تا ئاخر قوللەی بەرزی زمناکۆ
کشەم کرد وەبان دەربەندیخاندا
لە سەلیم پیرک خۆمم نیشان دا
ئیتر نەوێستام وەک بەرقی بەڵا
شەونگم گەییم ئە گەورەقەڵا
فرە نەوێستام لەو جێگە چۆڵە
گژەم هات تا بان سەرشاخی سۆڵە
کە گەییمە سەر شاخی خۆش ڕەونەق
گۆشەی کێشابوو زوهرەی سوب شەبەق
لە ورشە و پرشەی زوهرەی بەیانی
کەوتەوە بیرم کاتی جوانی
دووکەڵی ڕەشی دڵی پڕ لە ئاخ
دای گرت شاخ و داخ دۆڵی قەرەداخ
فرمێسکم چەشنی چەمی دێوانە
هاژەی کرد وەک تاف لەو سەر کێوانە