ئاڵەکۆک

سەید محەممەد تاهیر هاشمی add_a_photo
سەید تاهیر ھەوارگەی دڵان
١٣. ئەو زوڵفە تا لە سەر ڕوخی ئەو سایەبانی گرت
ئەو زوڵفە تا لە سەر ڕوخی ئەو سایەبانی گرت
ون بوو هەتاو و سێبەری خەڵقی جیهانی گرت
ئەو ڕوومەتە کە خێوەتی هەڵدا لە گوڵشەنا
فەسڵی بەهاری لالەعوزاران خەزانی گرت
چاوی ئەتۆ بوو ئاگری پیلانی هەڵگڕاند
شمشێری تیژی هانی و تیروکەمانی گرت
دڵ ویستی تەرکی فێڵ و فەنی واعیزان بکات
پیاوانە هات و دامەنی پیری موغانی گرت
ئەو عاشقەی کە کۆیی خەراباتی کردە شوێن
بۆ خۆی لە سوور و شینی دوو عاڵەم ئەمانی گرت
سەیری فەڵەک بە چاوی بچووکی دەکا ئەوەی
لەو ئاستانە پاکە لەبۆ خۆی مەکانی گرت
تاهیر ئەوەندە ناسک و خۆشە کەلامەکەت
هەر کەس کە بیستی و دڵی تێ دا گیانی گرت

پەراوێز edit