ئاڵەکۆک

سەید محەممەد تاهیر هاشمی add_a_photo
سەید تاهیر ھەوارگەی دڵان
١٢. بە پێچی زوڵفت دوو ساخم مەکە
بە پێچی زوڵفت دوو ساخم مەکە
بە ئاگری هیجر داخم مەکە
بێ بەش لە سەیری ناو باخم مەکە
لە گوڵ و نێرگس یاساخم مەکە
دوور لە سەیرانگەی ئێڵاخم مەکە
بەندەفەرمانم قاچاخم مەکە
مەمخە جەحانم دووری باڵای خۆت
دوورم مەخەوە ساتێ لەلای خۆت
جل و بەرگی خەم مەکە خەڵاتم
مەپسێنە ڕشتەی هیوا و ئاواتم
شەکەرم، بادامم، نوقڵ و نەباتم
ئاوەکەی زەڵاڵ چاوەی حەیاتم
کۆترە باریکەی سەوڵی باڵاتم
مەلی دانەچین خاڵی ئاڵاتم
سەرگەشتەم ڕەندی عاشقم مەستم
دڵنەوازم بە، کەم بکە پەستم
دێوانەی سەرشێت چاوانی مەستم
کەوتووم جارێ سا بگرە دەستم
خۆ قەولت دامێ لەگەڵم ڕاس بی
یەکدڵ و یەکگیان بێ قسەوباس بی
ئێستە باس هەر باس ناڕاسی تۆیە
هەر باسەکەی یار نەناسی تۆیە
بەزەئیت نەهات بە کەساسیما
بە ڕووت و قووتی و بێ کراسیما
من کەسم تۆ بووی کەوا و کراسم
بۆ تۆ نەماوە خەون و خوراسم
نازانم بۆچی لە من بووی یاخی
بۆ چی بەم جۆرە لێم بێ دەماخی
ئەوا بێ مەیل بوویت مەیلت دا بە غەیر
لەگەڵ من بڕیت هێجگار سەواڵ خەیر
نە بە سوورەسێو نە بە کاڵەبەی
جارێ لە جاران من بە سەر ناکەی

پەراوێز edit