ئاڵەکۆک

سەید محەممەد تاهیر هاشمی add_a_photo
سەید تاهیر ھەوارگەی دڵان
١١١. وەفا وەک میهری مەهڕوویان نەماوە
وەفا وەک میهری مەهڕوویان نەماوە
سەفا وەک سۆزی بێ پایان نەماوە
لە یەک پچڕاوە زەنجیری مەواسیق
عوهوود و وەعدە و پەیمان نەماوە
درۆ سەرمایەیە بۆ ناکەس و کەس
مَعاذالله مەگەر ئیمان نەماوە
ئومێدی ڕۆژی وەسڵە هێندە تاریک
کە تاریکەی شەوی هیجران نەماوە
لە دڵدا لەشکەری غەم دابەزیوە
کە جێ بۆ خێوەتی سوڵتان نەماوە
تەمی غەم دەشتی سینەی چەشنێ داگرت
کە باسی ڕوومەتی جانان نەماوە
بە ئەم دەردە گەیشت عومرم بە ئاخر
مەجاڵی خواردنی دەرمان نەماوە
مەگەر کیشتم بە ناری هیجرەکەت سووت
کەوا باسی خەلە و خەرمان نەماوە
بە مەحروومی وەها مەشهوورە تاهیر
کە ناوی پڕ غەمی حیرمان نەماوە

پەراوێز edit