مەڵێن ئەی هاودەمان فەسڵی بەهارە
بەهار وەسڵی گوڵی ڕوخساری یارە
لە هەر کوێ قامەتی زێبای وەدەرکەوت
جیهانێ پڕ لە سەروی جۆیبارە
لە هەر لا نەفخەکەی زوڵفی هەڵی کرد
هەموو عاڵەم پڕی موشکی تەتارە
لە هەر شوێن عیشوەکەی چاوانی دەرخست
سەرە، مەستە، دەروونە بێقەرارە
وەرە سەر سەیری باغی سەتحی سینەی
بەهێیە، سێوە، لیمۆیە، هەنارە
بەڵام داخم لە ئەم ئا لا نەسیبم
بەڵایە، ڕەنجە، دەردە، نێشی خارە
لە ئەو ئاوی حەیاتە کەئسی عەیشم
جەفایە، مەرگە، داخە، زەهری مارە
لە ئەو موشکی تەتارە بەخش و بارەم
سیرشکە، خوێنە، زووخە، ڕۆژی تارە
لە تۆ شیرین بێ خۆشی و کامەرانی
کە تاهیر عومری تاڵ و ناگەوارە