ئیقباڵم، جاهم، گەورەم، سالارم
بینایی دیدە و سووریی ڕۆخسارم
لە پاش داخوازی دەوام و جاهت
تکای سەر بەرزی و بەرزیی پەناهت
هیوام هەس لە لای داداری داوەر
بە تەندروستی سەرگەورەی کیشوەر
بە خۆشی دڵ و بە زەوق و شادی
بە کەیف و فەرەح، دڵ بە ئازادی
بدات دەوامت تا مانگ و خۆر بێ
جێت تەختی شاهی و سەر بە ئەفسەر بێ
ئێمەیش لە شوعلەی نەجم ئیقباڵت
بە خۆشی و ئەدای ئەمڕۆ ئامالت
موراد حاسڵ و خۆش بەخت و شاد بین
بێ پەروا و بێ خۆف حوڕڕ و ئازاد بین