ئاڵەکۆک

مینە جاف add_a_photo
مینە جاف دیوانی مینە جاف
١٩١. هانا هەر هاوار کۆمەڵی میللەت
هانا هەر هاوار کۆمەڵی میللەت
ئەی شەرەفدار و ئەی ساحب غیرەت
ئەی برای هاوخوێن گەلی کورد زوبان
ئەی عەشرەت دەخیل ئامان سەد ئامان
دیسان پاییزە وا سلێمانی
هاتە دەر ڕیشەی شادی و ژیانی
پۆلێ لە کۆمەڵ وا لێقەوماوە
هەموو ماڵ وێران دەسی لافاوە
بێنە مەیدانۆ بە دڵی خاوێن
خۆ گیری مەکەن بۆ برای هاوخوێن
هیچ کەس بە نەبوون نەگرێ بیانۆ
هەڵسن وەکوو شێر بێنە مەیدانۆ
بە قەدەر ئەحواڵ لە زور هەتا کەم
لە هەزار دینار هەتا یەک درهەم
هەر کەسێ هەر چی لێ زیاد ئەبێ
داماوی قەومی پێ دڵشاد ئەبێ
دەخیلتان بووگم نەوەی کوردستان
ئامان وەک خوێنی دەسم پشتوێنتان
ڕەحمێ غیرەتێ ئەی کورد هەڵمەتێ
بۆ لێقەوماوان بیکەن هیممەتێ
------------
بۆ کوڕ مردوو بۆ لاوکی لاوی داخ ئەگەڵ بردوو
بۆ خانەدانی ڕسوای دەس باران
بۆ ماڵ کاول بوو بۆ دڵ زاماران
بۆ زامارانی ناو نەخۆشخانە
بۆ ئەوەی ڕیسوا و ژێر ماڵانە
تو خوا پێم بڵێن پارە یا سەروەت
لەززەتی چییە بێ یا چی بێ قیمەت
کەر سەرفی نەکەی بۆ لێقەوماوان
بۆ کوڕ خنکاو و تاڵان براوان
بە ڕاسی ئەڵێم چی کورد زمان بێ
دارای شەرەف مەردی مەیدان بێ
خۆگیری ناکات بە دڵ و گیانی
بۆ ئەم وەیشوومە کەوتە سلێمانی
بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی سلێمانی

پەراوێز edit