هاتە گوێم دەنگێ لە پەردەی عالەمی ئەرواحەوە
دای بە دڵدا چەن پەیامێ ئەو لە ڕووی ئیسڵاحەوە
پێی وتم ئەی ڕۆڵەیی خاکی زەبوونی کوردوسان
ئەم سپارشتەم بڵێ تو خوا بە یەکسەر کورد زوان
لێم سوئال کە پێم بڵێ تۆ کێیت و سا کێیت پێ ئەڵێن
ڕۆحی کام عالی مەقامێکی لە ناو ئەهلی بەدەن
پێی وتم ڕۆحی کەریمخانی من ئەی برا
میللەتە بێ بەختەکەم بۆ چی وەها پەڕپوت کرا
خاکی کوردستان لە وەختی ئێمە وەک خولدی بەرین
جێگەیی کەیف و سروور و جەننەتی ڕووی سەر زەمین
میلەتێ سەر بەست و حوڕ بوو شاد و بێ ئێش و ئەلەم
ساحبی سوڵتان و تاج و تەپڵ و نووسین و قەڵەم
ئیستە کە چی سەیر ئەکەم ئەو خاکە جوانە سەربەسەر
ئەهلی گشت غەمگین و ماتە خۆیشی وەک ناری سەقەر
لەم هەموو شێر ئەفگەنانە وا کە چوونە خاکەوە
بەچکە شێرێ بۆچ نییە هەڵسێ بە جەرگی جاکەوە