ئاڵەکۆک

مینە جاف add_a_photo
مینە جاف دیوانی مینە جاف
١٨١. ڕۆژێ وە ڕزۆک چووم بۆ کەرکووک شار
ڕۆژێ وە ڕزۆک چووم بۆ کەرکووک شار
تووشم بوو وە تووش شۆخێ شەدەلار
نازار و ناسک، شیرین دولبەرێ
باڵا وەک شەماڵ، شمشاڵ کەمەرێ
پەلکە کەمەندی گۆڕگیری بارام
ئەبرۆ وەک کەمان سەرەنگێزی شام
ئەگریجە و پەڕچەم لە چین چینی خاو
لە سەر تویێ زوڵفی ئەڕژا تکەی ئاو
ئاوێنەی جەمین جام جەم ئاسا
لە پرشە و ورشەی ئەچوویت وە تاسا
مەوجە و ئاورەنگی لێ ئەدا دەم دەم
هەر وەک تیشکی خۆر بدا لە ناو چەم
پەرچەم سەر ئاوێز دەوری جەمین بوو
بۆ و پەرەی گوڵباغ گۆنای پەرژین بوو
برژانگی هەر وەک سینانی خوێنڕێژ
ئای بۆ دڵ پێکان سیا تیری تێژ
دیدە وەک دیدەی ئاهووی خەتایی
ڕەش و پڕ ورشە و نازک نیگایی
هەرچەن وە عیشوە ڕووی ئەکردە لات
ئەتوت هەسێرەی ڕۆژ ئەوا هەڵهات
پرشی لێ ئەدا ورشە و تریسکەی
جەرگی ئەسووتان گرپە و بزیسکەی
لووتی کشیاو و وە وێنەی قەڵەم
بووە دیدەوان غونچەی لێو و دەم
سەر ڕوومەت ناسک پەڕەی گوڵەباخ
بۆی عەتری خاوی ئەیدا لە دەماخ
خەت خەت سوورایی کوڵمی نیوەئاڵ
ڕژیاوە وە سەر لاڕووی زەرد و کاڵ
سەد سوێندت ئەخوارد سێوی ڕێژاوە
شەفەق وە پرخەی «سیوەیل» ڕژیاوە
جووتەی لێو وێنەی غونچەی تازەگوڵ
دەمی داوەتۆ سەحەر لە سەر چڵ
ماوی خاڵ وە ڕووی چەنە و لێوی ئاڵ
هەر وەک باڕەکەو خۆی ڕەش بێ وە حاڵ
لێو و چەنە و دەم نەخشین وە خاڵۆ
ئەتوت کەوبارە وا بە سەر یاڵۆ
ساقی گەردەنی وە وێنەی بلوور
ئاورنگی ئەدا هەر وەک قوببەی نوور
یا وەکوو شووشەی تەڕی پڕ لە ئاو
دابنرێت لە بەر تریسکەی هەتاو
لە سەر سافاییی ڕووی ساقی گەردەن
تازە خاڵێکی کوتابوو بۆ پەن
مل سپی و ناسک هەر وەک توێی ئاوو
بە فێڵ ئەو خاڵە لە سینەی کوتاوو
ئەیزانی خاڵی بەربینی ئاوی
فامدار و دانا ئەبن شەیدایی
دووەم ئاوێزان وە بەرۆکەوە
وەک دوو لیمۆی کاڵ بە سەر کۆتەوە
خاڵی شین وەبەین دوو مەمانەوە
وەک هەسێرەی ڕۆژ وە بەیانەوە
سنگ و بەرۆکی وەک کۆی پەڕەی کوڵ
خاو و گوڵاو بوو ناسک و نەرم و شل
دووکێش سەوز و سوور وا وە سەریەوە
وەک نەقشی گوڵباغ وە ئاوێنەوە
باوەش نەی ئەگرت سینە و ناو شانی
یا جووتەی سمت و کۆڵ و گۆڕانی
بۆ شەرم جارشێوی ڕەشی وە سەرۆ
هەر وەک هەوری ڕەش وە سەر ڕووی خۆرۆ
ڕووی ئەکەوتە دەر لە تۆی عەبادا
وەک خۆر لە مابەین هەوری سیادا
جار جار ئەیڕوانی دەم وە نیو خەنۆ
ئەتوت کەنێکە وا وە دەربەنۆ
کە خۆی با ئەدا وە شانە و شانا
مەر شیرین وا وێت لە تاق و سانا
دیوانەی کردم عەوداڵ و لێوە
وەشێتی ڕووم کرد وەو کەژ و کێوە
مینە بەو کەسەی دارایە و داوەر
لە بیرم ناچێ تا ڕۆژی مەحشەر
مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٦٢شاعیر ئەچێ بۆ کەرکووک لە شەمەندەفەردا چاوی بە شۆخێکی جوان ئەکەوێ و ئەم پارچە شیعرەی بە سەردا هەڵ ئەدا.

پەراوێز edit