ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٨٩. پیاوەکانمان لە ساڵی ١٩٤٢دا
لەم شارەدا گەلێکی بەناوی وەها هەیە
بێجگە لە خانوو، پارەی زۆری لەلا هەیە
هەر مەجلیسێ بچێ بە گەش و فش ئەچێتە ژوور
لەو ژوورەدا بەرامبەری ئەو گیان فیدا هەیە
بۆ باسی واریداتی زەوی و زار و موڵک و دێی
زارێکی گورج و هۆشی ئەرەستۆی لەلا هەیە
باسی وڵات و مەنفەعەتی نیشتمان بکەی
ڕوو گرژ ئەکات و هەندێ قسەیشی لە دوا هەیە
مەئمووریەت مونافەسەیە لای خەیاڵیان
زوو ئەچنە ژێری گەرچی لەوەشدا سزا هەیە
سواڵکەر لەوانە پارەی هیچ وەرنەگرتووە
خۆشیان ئەکەن بەگەورەیی میللەت هەتا هەیە
وەک ماڵی زۆرە فیکری بڵندی لەلا نییە
دەربەست نییە، لە پاشملە، جوێن یا سەنا هەیە
تووتی لەوانە زیاتر ئەزانێ بەگفتوگۆ
چونکە وەڵامی پیاوی گەدای خوا بدا هەیە
ئاه ئەی وڵاتی بێکەس و بێ پیاوی ژیر و چاک
پیاوت نەماوە خزمەتی تۆ ئێستە کوا هەیە
توخوا مەڵێن ئەمانە لە کوردن لەبەر ئەوەی
کورد پوولەکی نەبوون و، دەسی بۆ سەخا هەیە
ئەم دەستەیە نە چاکە ئەزانن نە پیاوەتی
بۆ خۆی و پارەیان بەخودا ئینتیها هەیە
ئەو پیاو و ناو و دەوڵەتە ئەمرن بەیەک کەڕەت
ئیشێکی وای نەکردووە ببیەم بەجا هەیە
ئەی کاسبی حەبیبی خودا بۆچی غافڵی
نامەرد بزانە دەور و خولت زۆر گەدا هەیە
دەستێ بدە لە باخەڵی پڕ نۆت و پارەکەت
باربووی هەژار بەخێری حەجی ماڵی خوا هەیە
شەو تا بەیانی مەستی هەزار ڕەنگ تەعام ئەخۆی
زۆریش لە خانەیا، نە کولێرە و نە چا هەیە
دەس گرتنێکی بێکەس و هاوسێی نزیکی خۆت
جوان چاکییە و لە لای خوداشت جەزا هەیە
ئیمڕۆ ئەگەر موعاوەنەتی قەومەکەت نەکەی
سبحەی کە مردی عالەمێ دڵخۆشە وا هەیە
هەستە مەوەستە چاکە لەگەڵ هاوزوبان بکە
شان و شەڕەف لە خزمەتی بێ دەست و پا هەیە
ئەو وەختە پیاوی خزمەتی میللەت بکەی بەماڵ
وەرنە لە ڕێی وتاری زلا چەند خەتا هەیە
ئیشێ بکە کە سوودی هەبێ بۆ وڵاتەکەت
تا خەڵق بڵێن فڵانە کەسیش وەک پەنا هەیە
بەم ماڵ و سەروەتە دڵی بێ دەس بخەیتە دەس
بۆ گۆڕی تەنگ بەچەشنی تەلی کارەبا هەیە
ئەو جێیە بەرزە تۆ هەتە، حەیفە سەخات نەبێ
خۆشت ئەزانی قەدری سەخی چەشنی شا هەیە
ئێستا کە فرسەتە بتەوێ یارمەتی بدەی
میللەت نەخۆشە پارەکەشت وەک دەوا هەیە
هەر چاوەڕوانی ئێوەنە بێدەسەڵاتەکان
توخوا بڵێن دە وەرنەوە ئیمڕۆ عەتا هەیە
کاکە ئەگەر ئەمانە لەلات زەحمەتە وەرە
ڕەحمێ بکە بە میللەتی خۆت وەک غەزا هەیە
بەس ئیحتیکاری گەندم و جۆ و شەکر و چا بکە
بەس نرخی شت بگۆڕە کە شەڕ دوورە تا هەیە
بازاڕی تۆ هەناوی هەموو میللەتی بڕی
لەو خەنجەرەی تیجارەتە سەد ڕەنگ سەدا هەیە
چیت کرد لە چیت و خام و بلووری کە وا نەما
یا خوێنی قەومەکەت ئەمژی تا هەرا هەیە
کووتاڵەکەت بەدەنگی تەلێ نرخی زیاد ئەکەی
خولیای لۆرتیت و لەسەرتدا هەوا هەیە
گوێ ناگری لە وەعز و نەسیحەت کە موسلیمن
بێ ڕەحم و خائینی زەرەرت ئاشکرا هەیە
بۆ نەفعی خۆت حەیاتی وڵاتێ ئەخەیتە مەرگ
نرخ دائەنێیت و بانگیش ئەکەی هەی غەلا هەیە
چی بکەم دیارە موستەحەقی لەعنەتی بەشەرع
چاری غەلام لە ڕەحمەتی ئێزەد ڕجا هەیە

پەراوێز edit