چلەی زستانە بۆیە ئاوەکەی زێ ڕەنگی گۆڕاوە
بەشێکی ئاوی بارانە و بەشێکی گەیشی بەفراوە
شەپۆڵی پڕ تەوژمی دار ئەهێنێ، شێخەڵ ئەڕمێنێ
بەمیقیاسێ کە نووسراوە ئیتر ئەم زێیە هەستاوە
چ هەستانێ لە ئەهلی ئێرە بووەتە ڕۆژەکەی تۆفان
کەڵەک ناوێرێ خۆی دەرخا نەهەنگێکی لەبەر چاوە
مەگەر ماسیگر ئەمجا بچنە ناو گۆم و قەراغ زەلکاو
ئەگینا ئاو ئەیانبا چەند کەسی بەو جۆرە قووت داوە
خەتەر نووسین خراپە با نەشێوێ شارەکەی بەغدا
بڵێن شوکری خوداکەن مەنفەعەت بۆ بەسرەو و فاوە
بەڵێ ئەم جونبوشە هەر پێشڕەوی سەیلی بەهارانە
ئەناڵێنێ ئەگرمێنێ ئەڵێی شێرێکی ناوداوە
زەمینی دەوروپشتی سەوز و شینە هەروەکو گوڵشەن
هەڵۆ لە لووتکە شاخی بەردەمی هێند گوژمی لێداوە
ئەگەر ئەم دێیە لێرە باربکەن هەقیانە لام چونکە
لەبۆ خانوو دەر و دیوار پڵنگێکی بەشاڵاوە
تەدابیری حەساری مەحکەمی پێ ناوێ بێ سوودە
شەو و ڕۆژ جەیشی جەڕڕاڕی لەهەر چوار لاوە کێشاوە
لە مەنشەء گەر دەپرسن چونکە ئاوی شاخی خۆمانە
زەرەر نادا لە عالەم بەڵکو نەفعی لێ بەجێ ماوە
فیدات بێ گیانی شیرینم وەتەن لەو خاکە ڕەنگینە
شەتی زێ هەر بەدار و گیایەکەی باغێکی داناوە
هەموو ئێوارە تێر سەیری بکەم هێشتا کەمە بۆ من
نەزەرگاهی تەبیعی ئاوی نیلی خستە ئەولاوە
گەهێ سوورە وەکو دوو چاوی عاشق پڕ لە خوێناوە
گەهێ ئاڵۆزە وەک چاوی نیگاری تازە هەستاوە
زەمانێکە لەسەر ئەم ئاوە بەزم و کەیف ئەکەم بۆ خۆم
لەمەولا زۆر ئەترسم ئەمری نەقڵم بێ لە بەغداوە