ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
ئەی خاکی پاکی نیشتمان
ئەی خاوەنی ناو و نیشان
ئەی بێشەی شێری ژیان
وا چاکە بۆ من تاکوو مان
قوربانی تۆی کەم جیسم و جان
ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان
سیروان و زەڵم و تانجەڕۆ
لام سەلسەبیلە بێ درۆ
باخێکی زۆر خۆش ڕەنگ و بۆ
وەختێ ئەبینم خاکی تۆ
گۆپکەی هیوام دێتە چرۆ
ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان
شارت بەوێنەی مێرغوزار
دێت بووەتە هاوینەهەوار
دەشت و چیات جێی ئیفتیخار
بۆ کوردی کەمدەستی هەژار
گیانم فیدات لەیل و نەهار
ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان
ئەی دایکی بێ هاوڕەنگ و تاک
بۆ بێ کەسیت بووم دەردناک
شەرتە هەتا ئەمنێنە خاک
قوربانی تۆی کەم گیانی پاک
بۆ خزمەتت نابم هیلاک
ئەی نیشتمان... ئەی نیشتمان
١٩٤١/١١/٢٠ سلێمانی

پەراوێز edit