ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
١
وا گەڵاڕێزانە گیانە بۆ چەمەنزار
هاژە هاژی بای خەزانە ڕووبەڕووی شار
ئەو درەختانەی کە سەریان زۆر بڵندە
ئەو گوڵانەی ڕەنگ و بۆیان زۆر پەسەندە
ئەو مەلانەی جێگەیان کا و سەهەندە
هاتنی پایز لەبەر دڵیان گرانە
چونکە توندی و گرژ و مۆنی پڕ جیهانە
٢
بایەکەی پایز بە جارێ دێتە سەرمان
خۆڵ و پووش دێنێتە خوارێ بۆ گوزەرمان
پۆتەڵاکی دار ئەژاکێنێ بە یەکجار
ڕووی گوڵان زەرد هەڵئەگێڕێ وەک ستەمکار
شادمانیی مەل ئەخاتە ناو دڵی غار
چنگ لە هەرچی گیر بکا مانی نەمانە
بەم کزە ساردەی نیازی پڕ زیانە
٣
هەر کە پایز بێ سەروشوێن ڕۆی لەبەر چاو
لەشکری زستانی پڕ قێن دێن بەپڕتاو
هێزی وەیشومەی لەژوور سەرمان ئەوەستێ
هاتوچۆی پێدەشت و سەربەندەن ئەبەستێ
چین بە چین ئەم ناوە بەفری تێ ئەبەستێ
تیشکی ڕۆژ ئەشکێتەوە گەرمی نیهانە
ڕۆژی گورجی و ڕێ بڕین و پێ لێ نانە
٤
بەفری زستان تۆقی پایز توند و پڕ هێز
بۆ وڵاتی کوردی ئازیز ئەچنە پارێز
شاخەکانمان ئەبنە کۆگای بەفری ئەستوور
ناوی ڕووبارمان کە دێت وەک ئەرخەوان سوور
نیشتمانی کوردەواری خوار هەتا ژوور
تۆف و بەفر و با لەلامان خۆش و جوانە
چونکە کوێستانین و ڕەمزی نیشتمانە
٥
پایزی زەرد با بە عینوان کاری وا بێ
بگرە لامان خۆشە زستان بەفر و با بێ
ئەو کەسەی سەرسامە لێمان دڵنیا بێ
جەستە خۆشەی مەینەت و دڵ هەڵکزاوین
بەم کەژ و کێوانە سەربەرزی تەواوین
بۆ سەر و ژوور کەی هیوا خێچکە بەتاوین
بەفر و با ڕێی ئێمە ناگرێ تاکوماوین
چونکە هەوڵی ئێمە بۆ بەرزیی ژیانە
چوست و خوێن گەرمین و دڵمان شادمانە
تیر ببارێ کردوکۆشمان بێ وچانە
١٩٤٦/١٢/٢١ سلێمانی

پەراوێز edit