ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٦٥. نامەیەک بۆ هاوڕێیەک
پایزە برا دۆستی شیرینم
بە دووریت هەتا بڵێی غەمگینم
لەوساوە کە وا لە تۆ بڕاوم
مات و زەبوون و خەستە هەناوم
بەینی من و تۆ برای شیرینم
بە جوغرافیا زۆر کەم ئەبینم
ئێوە لە بەغدا لەسەر ڕووبارن
کە خەیاڵ ئەکەم هەمووتان دیارن
وا شەو هات بەڵام شەوێکی خۆشە
مانگە شەو دنیا هەمووی خامۆشە
نامەم ئامادە بۆ شاری بەغدا
یا مانگ یا سیروان یەکێکیان ئەیبا
ڕێگە ڕۆینم لەم ژوور گەرمیانە
پێباز پەیکوڵی، بانی خێڵانە
عەشرەر بە عەشرەت تیرە بە تیرە
گەڕانی ناو جاف ئێجگار دڵگیرە
ئەڕۆم ئەگەڕێم بە سەیر و سەلما
خوا بە نسیبی ئێوەشی بکا
بن شاخی بەمۆ دەشتەکەی پێباز
پڕ لە کیژی جاف ناسک و نازناز
بە تیلەی چاوان جەرگم زامارە
بە لار و لەنجە دڵ پڕ هاوارە
خڕەی هەیاسە، زڕەی کەمەرە
بۆ دڵی فایق چەرخ و چەمەرە
بە زوڵفی ئەمان بەستەی زنجیرم
یارەکەی خۆمیان بردووە لە بیرم
لەناو شاتری و هۆزی گەڵاڵی
ئێستە کەوتوومە بەرگی عەوداڵی

پەراوێز edit