ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٥٦. ئەو کەسانەی گاڵتە بەم کوردە بکەن بێجا ئەکەن
ئەو کەسانەی گاڵتە بەم کوردە بکەن بێجا ئەکەن
تەرکی ئادابی مرووەت، فیکری بێ مەعنا ئەکەن
قەومی کورد ئاساری چاکەی زۆرە، تەئریخ شاهیدە
نەگبەتی ڕووی کردە ئێمە بۆیە ئیستیهزا ئەکەن
نامدارانی وڵاتمان گەه لە شەرق و گەه لە غەرب
جونبوشی شێرانەو و تەسخیری بێ هەمتا ئەکەن
خۆ کەریم خان و سەلاحەددین و شاهانی بەبان
لاپەڕەی تەئریخی کورد وەک کاغەزی بەیزا ئەکەن
قەهرەمانانی وەتەنمان بۆ بڵندیی خاکمان
مل بە سێدارەی بڵندی تورکی بێ پەروا ئەکەن
زۆر نییە خۆم دیم ڕژابوو خوێنی لاوانی وەتەن
هەروەکو جۆگا لەبەر دەرکی سەرا حاشا ئەکەن
ئێمە ئەولادی ئەوانەین تێ بگەن ئەی دوژمنان
حەملەیی شێرانەمان هەر ماوە یاخو ڕائەکەن
ئارەزووی فەردێکی میللەت وایە بۆ خاکی وەتەن
خوێنی بڕژێ هەروەکو پێشوو شەڕ و دعوا ئەکەن
ئەی وەتەن بێ غەم بە هەر تۆڵەت ئەسێنن لاوی کورد
عەهدە ناوەستن هەتا ئەم واجبە ئیفا ئەکەن
خوایە بتبینم وەتەن خاکت بەخوێنی دوژمنت
ڕەنگی سوور بێ چونکە وا فیتنە و جەدەل بەرپا ئەکەن
موتمەئیننم نامری با جەستەکەیشت خەستە بێ
هەر ئەبێ ئەو ڕۆژە هەڵبێتن کە ئاڵات وا ئەکەن
بۆ ڕۆژی ڕەشی شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠

پەراوێز edit