ئاڵەکۆک

بەختیار زێوەر add_a_photo
بەختیار زێوەر دیوانی بەختیار زێوەر
٣٥. زینەتێکی هەیە سلێمانی
زینەتێکی هەیە سلێمانی
وەسفی ناکا زوبان بە ئاسانی
کە تەماشا ئەکەم سەفای جوانی
مورغی ڕۆحم ئەڵێ بە پەنهانی
ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی
چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی
مەنزەری دەشتی وەیس و کانێسکان
باغی میللی کە عەتر ئەکا پەخشان
گۆیژە و گردی یارەو و سەیوان
لادەبا حەسرەتی دڵی ئینسان
ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی
چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی
هەر بەیانی کە زوو لە خەو هەستی
سەیری دونیا بکە بەبێ هەستی
شنەیەکی نەسیم بە سەرمەستی
تەوقیێکت لەگەڵ ئەکا دەستی
ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی
چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی
شاخەکەی بانگ ئەکا کە چەند جوانم
بێنە سەر مەنزەری درەختانم
بەفرە پۆدرەی ڕۆخی درەخشانم
پەلکە زێڕینە پرچی سەر شانم
ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی
چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی
هێندە لام خۆشە ئەم زەوی و زارە
لای دڵی من بەهەشتی ئاودارە
خۆزگە خۆشتر ئەبوو بە یەکجارە
مەدەنییەت ئەگەییە ئەم شارە
ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی
چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی
١٩٤٠/١١/٠٦ سلێمانی

پەراوێز edit