شاعیر: بەختیار زێوەر کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر سەرناو: زینەتێکی هەیە سلێمانی سەبارەت: ١٩٤٠/١١/٠٦ سلێمانی زینەتێکی هەیە سلێمانی وەسفی ناکا زوبان بە ئاسانی کە تەماشا ئەکەم سەفای جوانی مورغی ڕۆحم ئەڵێ بە پەنهانی ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی مەنزەری دەشتی وەیس و کانێسکان باغی میللی کە عەتر ئەکا پەخشان گۆیژە و گردی یارەو و سەیوان لادەبا حەسرەتی دڵی ئینسان ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی هەر بەیانی کە زوو لە خەو هەستی سەیری دونیا بکە بەبێ هەستی شنەیەکی نەسیم بە سەرمەستی تەوقیێکت لەگەڵ ئەکا دەستی ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی شاخەکەی بانگ ئەکا کە چەند جوانم بێنە سەر مەنزەری درەختانم بەفرە پۆدرەی ڕۆخی درەخشانم پەلکە زێڕینە پرچی سەر شانم ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی هێندە لام خۆشە ئەم زەوی و زارە لای دڵی من بەهەشتی ئاودارە خۆزگە خۆشتر ئەبوو بە یەکجارە مەدەنییەت ئەگەییە ئەم شارە ئەی وەتەن، ئەی وەتەن چ شیرینی چەندە دڵگیر و چەندە ڕەنگینی ++++++++++++++++++++++