هەر دەمە دونیا بە نەوعێ دێتە پێشێ، گەه وەکوو،
بووکی ساحێب نازە گەه عەییارە وەک خەسوو
شاهبازی تالعت وەقتێ لەسەر سەر دادەنێ
بۆ نەدامەت گەه لەنێو ماڵت دەخا سەد کوندەبوو
بەعزە جارێکت دەداتێ ئیقتیداری بێ شومار
گەه ڕەزیلت وا دەکا، موحتاج دەبی بۆ بەندی ڕوو
پر گوڵی دەکا جارێک لەنێو باغی وەتەن
گەه دەکا دەستت لە خارستانی غوربەت پڕ دڕوو
گەه بە تاجی شاهی و دەوڵەت سەرئەفرازت دەکا
گەه لە نێو خاکی گەدایی و نەگبەتا دەتخا بە فوو
زاهیری دەستووری عەدلە و باتینی غەددارییە
باوەڕت بێ کەس لە دەستی مەکری دونیا دەرنەچوو
هەر کەسێ یەک دەفعە تێفکری لە پێداوی جیهان
هەر ئەڵێ تا سەر لە نێو گۆماوی غەمدا پێوە بوو
گەر بە تەئییدی فەلەک تالع نەبی کۆشش چییە
بێ جەسارەت بەختی خۆت گەر بێ ببەخشێ، بێ بنوو
من کە ڕۆژ و شەو شکایەتمە لە دۆستانی زەمان
دەم بە دەم مەحکەمترە زەنجیری غەم وەک زوو کە بوو
مەتڵەبەم وا بوو کە دل زایع نەکەم، نەیدەم بە کەس
ئەو دەمەی ڕۆیی عەزیزم، ئیختیارم پێ نەبوو
جێنشین بوو مەودەیێ ئەندۆهی هیجران و فیراق
وەقتی وەسڵی شادمانی ڕەهرەوی بوو هاتووچوو
چاوەکەم با من نەمێنم لەم زەمانەی بێ وەفا
هەر چی تێفکریم سەعاتێ دڵ لە غەم خاڵی نەبوو
فکری دیەنیم بوو کە چی دەردی فیراقم کەوتە سەور
ئەمی محەممەد هەر غەمێکم بوو ئەوێستا بوو بە دوو