ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
٧٤. وەرن تێ فکرن لە دەوری زەمان
وەرن تێ فکرن لە دەوری زەمان
چەند خانەدانی کردووە ماڵوێران
نە ئەنبیای هێشت نە ئەولیای دین
نە پادشاهان لەسەر ڕووی زەمین
ئەی داد لە زوڵمی زەمانەی بێ پۆ
هەزار وەک منی کردووە ڕەنجەڕۆ
مایەی ماڵم و سەروەتی جیهان
گیسکێکم هەبوو ڕەشی بێ نیشان
ئەووەڵ لە ماڵی حاجی ئەحمەد بوو
چونکە جوان بوو، هەر چاوی بەد بوو
نوفووسی پیس بوو وا کاری لێ کرد
ماڵی منیش و خۆیشی وێران کرد
وەختێ ڕوانیان لە حەوشە و حەسار
زاتی گیسکەڕەش وا نییە دیار
ئاخری زۆر گەڕا حەمە ماڵەوماڵ
هەر وەک دەرویشێ کە بگری بۆ سواڵ
لەبۆ گیسکەڕەش بیدۆزێتەوە
کە دۆزییەوە، بیهێنێتەوە
ئیتر بە خۆیی و بە هۆزییەوە
زۆری بۆ گەڕا نەیدۆزییەوە
لەدوا مەئیوس بوون، گوتیان ون بووە
ئاخۆ گورکی چەرخ بۆ کوێی بردووە
لە مەوتینی خۆی چەرخی کەچڕەفتار
دەربەدەری کرد بە ڕەنج و ئازار
ئەو کارەی گەردوون لەگەڵ منی کرد
خەسرەو لە فەرهاد ئەو زوڵمەی نەکرد
بەینێ گیسکەڕەش ون بوو بێ ئەسەر
دڵ کەوتە گێژی دەغدەغە و خەتەر
غەمی گیسکەڕەش هەر لە دڵ مابوو
ڕۆژێ لە ناکاو شەخسێ پەیدا بوو
وەک خزری زیندەی موبارەک ئەسەر
ئەو شەخسە چاکە بە منی دا خەبەر
گوتی مژدە بێ ماوە گیسکەڕەش
دڵم وەکوو گوڵ بەو موژدە بوو گەش
چەمیبوو باڵام وەک خەمی گۆچان
شێت بووبووم وەکوو مەجنوونی کێوان
موژدەی نەسیمی گیسکەڕەش ئەنگوت
غونچەیی دڵم وەکوو گوڵ پشکووت
سەد بارەکەڵڵا کاکی موژدە خوەش
خوا لە ڕەحمی خۆی نەمان کا بێبەش
پێم گوت لە کوێیە برای دنیا و دین
ئەو گیسکەڕەشەی جوان و نازەنین
گوتی غەم مەخۆ ببە بێ خەتەر
وا لە گەنکێیە مەبە بێ خەبەر
لە مەڕی حاجی مەحموودی گەنکێ
وا قەڵەو بووە ڕۆنی لێ ئەتکێ
ئیتر وەک عەتری گوڵی وەنەوشە
مێشکی پڕ کردم ئەو موژدە خۆشە
کە بۆم مەعلووم بوو گیسکەڕەش ماوە
سوپاس بۆ خودا کە نەفەوتاوە
گوتم ئەو گیسکە کەوا لە گەنکێ
با بمێنێتۆ بۆ خێری نەنکێ
عەجەب شکڵێکی هەبوو گیسکەڕەش
وەک شکڵی پەری جوان و مونەققەش
ئاوریشم ڕەنگ بوو موومی ئەندامی
ئاسکی گەرمیان ئەیکرد غوڵامی
جیلوەی حەریری موویی تابداری
هەر وەک پەرچەمی تورک و تاتاری
وەختێ ئەیباڕان لە کێو و سارا
شەبیهی دەنگی نازداری خەتا
فەسڵێ ئەکەوتە شیرین کەلامی
عالەم تێر ئەبوون لە عەقڵ و فامی
هەروەک قەمەرناز، ناز و نازدار بوو
خەرامان سیفەت بە لەنجەولار بوو
شوعلەی گڵۆپی هەردوو چاوانی
وەکوو ئەستێرەی بەری بەیانی
دەمی وەک سەدەف پڕ بوو لە گەوهەر
ساحێب پڕتەو بوو وەک شەمس و قەمەر
شاخەکانی ڕاست ڕەنگی وەک مەڕمەڕ
وەک شاخی تاجی شاهی ئەسکەندەر
ڕوخساری جوان و ساف و بێ کەدەر
هەر وەک شۆرابێ بە ئاوی کەوسەر
سمی ڕەش و ساف وەک بیجادە جوان
سیفەت ئاوێنە لە دوور ئەینوان
ئێستە بیستوومە فەوتی فەرمووە
ڕۆحی شەریفی بۆ جەننەت چووە
تەئریخ هەزار و سێ سەد و هەشتا
زاتی گیسکە ڕەش دەرچوو لە دنیا
چونکە مردنی لە غوربەت بووە
ئەجری زۆر گەورەی بە نسیب بووە
ماتووڵ ئەو زاتە لەوێ مردووە
تەکلیفی شەرعی لەسەر لاچووە
داخی گرانم بۆ تۆ گیسکەڕەش
لە خۆشی بەهار کەوا بووی بێبەش
خۆزگە دەوڵەتی فەرەنگ و ئینگلیس
لەگەڵ تایەفەی جوولەکەی خەبیس
هەم ئەمریکا و ڕووس و ڕووسیا
فەوت ببوونایە پاکیان لە دنیا
ئەمما گیسکەڕەش تۆ بمایتایە
خۆشی بەهارت لە کیس نەچوایە
حەقیقەت بەهار ڕەنگین و خۆشە
سارا پڕ گوڵ و لالە و وەنەوشە
جا چە فائیدە بەهاری ڕەنگین
گیسکەڕەش بێ تۆ چۆڵە سەرزەمین
گیسکەڕەش وا تۆ لە دار الفنا
ڕیحلەتت فەرموو بۆ دار البقا
گیسکەڕەش خۆت چوویت بۆ مێرگی بەهەشت
غەم و ئەسەفت بۆ من بەجێهێشت
بێ تۆ گیسکەڕەش یاری باوەفا
تازە بۆ چیمە حەیاتی دنیا
گیسکەڕەش حەیفێ ددان مرواری
لەززەتت نەدی لە گیای بەهاری
ئەی جا من چ بکەم بێ تۆ لە دنیا
مەگەر وەک مەجنوون بچم بە کێوا
بێ تۆ گیسکەڕەش ئەمن لە دنیا
چۆن ڕابوێرم بە سەیر و سەفا
دەرچوو گیسکەڕەش لە دنیای فانی
ئەسەف بۆ خوڵق و ڕەوشتی جوانی
داخی گیسکەڕەش دەرناچێ لە دڵ
هەتاکوو لاشەم نەچێتە ژێر گڵ
زینەت بوو لەبۆ گەنکێ و سنجەڵێ
بۆیە وەک مەنجەڵ دڵ بۆی ئەکوڵێ
شکڵی وا جوان نابێتۆ تازە
بۆی بگرین ئەی گەل زۆر بێ ئەندازە
سەرۆک مێگەل بوو لەم ناوە ناوە
ڕەئیس نەقابە لە هەر چوار لاوە
ساحێبی ماف بوو، بووبوو بە بەشدار
لەبۆ جینسی خۆی ئامیر و سەردار
لەبۆ مسکین و فەللاحی دلێر
بۆ هەردوو لایان بووبووە سکرتێر
جەهدی زۆر ئەکرد لەبۆ پێشکەوتن
حەتتا نەیمابوو خواردن و خەوتن
هەتا ئەو مابوو هەر خۆش بوو دنیا
وەختێ ئەو نەما عالەم لێی شێوا
ئەی مەعەلئەسەف لەبۆ زاتی وا
کە ئەمرێ و ئەڕوا ئەچێتە فەنا
الحکم لله، ماتووڵ مردبێ
قەزا و بەڵاکەی حاجی بردبێ
فەقەت حاجی گیان تۆیش هەر بە هەوا
مەڵێ گیسکەڕەش مرد قیری سیا
ئەمین بە حاجی خوێنی گیسکەڕەش
نافەوتێ هەر وەک خوێنی سیاوەش
نەسیحەتگۆ بوو بۆ دێهات و شار
بێ مەعاش بووبووە واعیزی سەییار
تا زوویشە غەمی حاڵی خۆت بخۆ
مەڵێ ئەڵێی چی دە هەڕۆ هەڕۆ
هەزار شەللاتی و جوولەکەی ڕووڕەش
ئەیکەم بە قوربان کلکی گیسکەڕەش
گیسکەڕەش ئەگەر بۆ من بمایە
هەتا قیامەت ئەبووە دەسمایە
گەر نەمردایە هەر بۆ یادگار
ئەبووە نموونە لەبۆ ڕۆزگار
وا پێتان ئەڵێم خوێنی گیسکەڕەش
نابێ بفەوتێ ئەی برای سەرخوەش
گەر ئەڵێ زۆرە پێم نادرێ زەرەر
با برادەران ببنە یاریدەر
چونکە یەکێتی وا لە بەینایە
زەردی یەکێ هی هەموو لایە
من لەسەر حەقی خۆمم کاکە گیان
جێبەجێی بکەن ئێوەش هەمووتان
مەڵێن هیچ نادەین زۆرە یا کەمە
کاکە ئاچووغە قاپی مەحکەمە
جا لە هەردوو لا زوو مەعلووم ئەبێ
لەبۆ ئەم حەقە کێ مەحکووم ئەبێ
ئەمجا میسلی خۆی یاخود قیمەتێ
خوێنی زاتی وا چلۆن ئەفەوتێ
جا موخەییەر بن ئێوە لەو دووە
دە جێبەجێی کەم هەتاکو زووە
ویساڵی بێنە خاتیمەی کەلام
مەجبوورن بیدەن خوێنەکەی بە عام
ویساڵی بەسیە مەبە دڵگران
خوا نایفەوتێنێ حەقت بێگومان
تۆ هەر ناتەوێ حەقت دەسکەوێ
دەستت ئەکەوێ لێرە یا لەوێ
گلەیی مەکە لە چەرخی زەمان
هەزاری وەک تۆی کردووە سەرگەردان
گەر لوتفی ببێت خودای ئاسمان
بە تاقەگیسکێ نابێ سەرگەردان
هەر چەند گیسکەڕەش مایەی ماڵت بوو
وجوودی مایەی خۆشی حاڵت بوو
بەڵا غەم مەخۆ، خودا مەننانە
ساحێبی ئەجر و جەزا و ئیحسانە
سابیر بە لەسەر ئەم موسیبەتە
سەبر لای خودا زۆر بە قیمەتە
ئەمین بە لای خوا قەیدە لە دەفتەر
بۆ تۆ نابێتە مایەیی زەرەر
جەزا یەک بە دە، نەسسی قورئانە
تا یەک بە حەوتسەد لەبۆی بڕوانە
ویساڵی ئیتر مەکەوە پەلە
خوا لایسلی عمایفعلە
یاڕەب سا هەر چۆن دەرمان ئەچوێنی
ئەبێ لەگەڵمان ڕەحمەت بنوێنی
کارێ وا نەکەیت، ئیبلیسی لەعین
ئیمانمان بەرێ و بێ ئیمان دەرچین
لوتفت یاوەر بێت بۆ ئێمەی یەتیم
زەفەریاب نەبێت، شەیتانی ڕەجیم
ڕازین بە ئەمر و فەرمانت خودا
بە ئیمانەوە دەرچین لە دنیا
هەر چەند گیرۆدەی نەفس و شەیتانین
وەلی موحتاجی ڕەحمی ڕەحمانین
ڕەحمەتی زۆرە خودای زولجەلال
نامانخاتە سەر ڕێگەیی زەلال
بە کوێری چاوی ئیبلیسی لەعین
سەلبی ئیمانمان ناکا بە یەقین
عەزابمان نادا بە ناری سەقەر
لەبەر خاتری ئالی پێغەمبەر
من خۆم ئەزانم غەرقی گوناهم
بە غەیری خودا نییە پەناهم
هەر چەند موزنیب و هەم ڕووسیاهم
وا هەر چاوەڕێی عەفوی ئیلاهم
ویساڵی زووکە بۆ ئیسلاحی حاڵ
تۆبەیە بکە لای خوای لایەزال
وەها خالیس بێ تۆبەکەت بە دڵ
تاکەی هەر کەری بۆ نابی عاقڵ
عەودە نەبیەوە بۆ شەرمەساری
بپۆشی بەرگی خەجاڵەتباری
تا بە لوتفی خۆی قبووڵت بکا
بە جەننەتی خۆی دڵشادت بکا
هەر بە نەزانی لە دنیای فانی
ڕیشت سپی کرد، بە خۆت نەزانی
بێ عەقڵ تاکەی ویساڵی بەسە
عاریف بە عاریف حەرفێکی بەسە
هەزار و سێسەد هەشتایی هیجری
بۆ وەختێ فەوت و تەئریخی عومری
کتێبی وەفاتنامەی ویساڵی
خاتیمەی هێنا ڕەحمەت لە قەبری
وەفاتنامە٢

پەراوێز edit