ئەی عەزیزان یەک دوو ساڵێ بووم ئیمامی سەرگەڵوو
ڕامبوارد ئەو بەینە ئیتر سا بە هەر نەوعێک کە بوو
بوو لە ئەقتاری شەشۆ شەخسێ عەجەب ڕوو گرژ و ترش
یەعنی ئەوڕەحمان مەلایی دەستی کردە هاتوچوو
بیست و نۆ دەفعە زیاتر هەر بە عەزمی دیدەنی
هات و ئەیوت بمکەنە ئیمامی خۆتان زووبەزوو
چونکە زۆری کرد تەشەببوس ئەو بە ئاغا و قەومەکان
سووڕەتی مەجبووری دایان وەعدەیێکی ڕووبەڕوو
ئەو لە خۆشیانا وەکوو موژدەی بەهەشتی پێ بدەن
دەستی کردە هەڵپەڕین و قاوچ و قووچ و هاتوچوو
عالەمی دنیا بەجارێ تەعنەیان چەند لێ ئەدا
هەر قوبووڵی بوو کە ئەهلی غیرەت و جەوهەر نەبوو
ماڵەکەی هێنا بە وەعدەی دوو دەقیقە و سێ سەعات
وەی ئەزانی شایە ئیتر کەوتە دووی ئەم هایوهوو
ئەو لەوێ نەیزانی دەرنابا وەکوو بەندەی غەریب
وەی ئەزانی قەومەکە و ئاغا ئەبن بۆ ئەو بە جوو
ساڵی ئەووەڵ بەعزێ پارە و ڕۆنی بۆ تەعیین کرا
دووهەمین ساڵ سەد شوکر ئەو ڕۆن و پارە قەتعی بوو
چی کە ئەو هەر ڕازییە هیچی بەنێ یا نەیدەنێ
هەر دەڵێ بەسمە بە شەرتێ ڕێم بدەن بۆ دێو و دوو
ئێستە هیچی نادەنێ و ڕێگەی لە ئەو لا و لا نییە
عاقیبەت مەجبوور بووە عەودەت بکاتۆ زووبەزوو
هەر وەکوو بیستوومە ئێستا وا لە دەم ئەم عالەمە
زۆر بە مەمنوونی ئەدا بەرتیل و بیکەن تاوو توو
گەر شەشۆیی ڕازی بن ئەو حەز دەکا بڕواتەوە
لاکین ئاغا موشکیلە لیرەی ئەوێ لەو بیست و دوو
چونکە زۆر شێواوە حاڵی ئەو فەقیرەی هەر دوو لا
ناعەلاجە هەر ئەڵێ: ئەیدەم کە من بووم یا نەبوو
با وجوودی هەر درۆیە گەر بڵێ نیمە برا
ئێستە سەد لیرەی حەرامی وا لە ماڵا بێ دروو
ئەی ویساڵی تۆ خودا ئێستا گوناهی من چیە؟
تۆ ئەوا هیچ، من بڵێم چی؟ ئەو لە من بۆتە عەدوو